ئێران و عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن

دوای ئەوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران روویدا بە هەزاران کەس کوژران و بێسەروو شوێن بوون، کە تا ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆری سەرباز وخەلکی سڤیلی ئێران و عێراق بێسەرووشوێن بوونە لەو بارەیەوە رێککەوتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران کرا بۆ زانینی سۆراغی بێ سەروو شوێنبوان و هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.

بەڕەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەھیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەبارەی ھەڵدانەوەی گۆڕی بێسەروشوێنانی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان ھەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بەڕێوە چوو، تێیدا دانوستان لەبارەی گەڕان و ھەڵدانەوەی گۆڕی ئەو سەربازانەی ھەردوو وڵات کرا، کە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کوژراون، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و حاجی ئومەران و پێنجوێن و شارباژێر.”

بریکاری وەزارەتی شەھیدان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ھەرسێ لایەنی ھەرێم و عێراق و ئێران کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن کە بە چاودێریی خاچی سووری نێودەوڵەتی گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە، چونکە پێشتر لەسەر خاکی ھەردوو وڵات کار بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕی ئەو سەربازانە کراواە و دەیانەوێ ئەم جارە لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا بەدووای بێسەروشوێنانی خۆیاندا بگەڕێن و داوای ھاوکارییان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.”

بەڕەڤان حەمدی گوتی: “ھەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بەڵێنیان داوە کە ئەوانیش ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن لە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی و پارێزگای سەماوەدا، بەتایبەتی بە بەکارھێنانی ئامێری پێشکەوتوو بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ڕووفاتەکان.”

Back to top button