مێسی رەخنەی لە یاریگاكانی بەرازیل هەیە
لیۆنێل مێسی ئەرژەتینی و كاپتنی هەڵبژاردەی تانگۆ جارێكی دیكە رەخنە لە یاریگاكانی پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا دەگرێت و پێی وایە چیمەنی ئەو یاریگایانە شیاوی یاریكردن نین.
لە یارییەكانی گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا هەڵبژاردەی ئەرژەنتین بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر یاریی كردو یارییەكەشی بە دو گۆڵی بێ وەڵام لێبردەوە.
دوای یارییەكە لیۆنێل مێسی باسی لە خراپی چیمەنی یاریگاكە گرت و وتی.. لەو سێ یارییەی ئێمە لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامان داوە لەسەرجەمیان یاریگاكە شیاوی یاریكردن نەبون، چونكە چیمەنی یاریگاكە زۆر خراپ بون.
كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین وتیشی.. چیمەنی یاریگاكە بە جۆرێك خراپە كە كاتێك تۆپ دەگوازیتەوە بۆ هاورێكانێت ئاراستەی تۆپەكە دەگۆڕێت، پێویستە زۆر بە بەهێزی تۆپەكە ئاراستە بكەیت بۆ ئەوەی بگات بە هاورێكەت و ئەمەش شێوازی یاریكردنی تیمەكە تێك دەدات، هەر بۆیە یاریكردن لەم جۆرە یارییگایانەدا كارێكی سەخت و دژوارە و ماندوبونێكی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی تۆپ بكەیت لە یارییەكەدا.
مێسی ئەمە جاری یەكەمی نیە رەخنە لە چیمەنی یاریگای یارییەكانی پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا دەگرێت و لە یەكەمین یارییاندا كە لەبەرامبەر هەلبژاردەی كۆڵۆمبیا شكستیان هێنا، دوای یارییەكە لیۆنێل مێسی و سكالۆنی باسیان لە خراپی چیمەنی یاریگاكە كردو بە یەكێك لەهۆكاری شكستی هەلبژاردەكەیان لە قەڵەمیاندا.