حەمەی حاجی مه‌حمود: پێکهێنانی حکوومەت لە پۆستی پارێزگاری کەرکووك گرنگترە

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگترە لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌میانه‌ی وتووێژێکیدا له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌مریکا باس له‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی كه‌ركوك هه‌روه‌ها هه‌وڵی نێوه‌ندگیری خۆیان ده‌كات له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌كانی نێوانیان.

محەمەدی حاجی مەحمود پێی وایە پۆستی پارێزگاری کەرکووك ئەوەندە گرنگ نییە، کە بارودۆخی کوردستانی لەسەر تێك بدرێت، چونکە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك له‌م كاته‌دا هیچ له‌دۆخه‌كه‌ ناگۆڕێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێم وانیه‌ هێزێكی سه‌ربازیی عیراقی گوێرایه‌ڵی پارێزگارێكی كورد بێت له‌کەرکووك.

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست لەبارەی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان مەحاڵە و بۆ گەڕانەوەشی، ”ده‌بێت ڕوداوێكی گه‌وره‌ ڕوبدات هه‌روه‌ك چۆن له‌ 2003 ڕژێمی به‌عس ڕووخا یا شه‌ڕی داعش ڕووی دا.

محەمەدی حاجی مەحمود رێککەوتن“ی هەولێر و بەغدا بە تاکە چارەسەر بۆ بارودۆخی کەرکووک دەزانێت و رایگەیاندووە، رێککەوتنی پارتی و یەکێتیش ”70%ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات به‌ڵام ڕێكنه‌كه‌وتنیان له‌ 70%ی كێشه‌كان زیاد ده‌كات.

کاکە حەمە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە “ناكرێت له‌سه‌ر پارێزگارێک كێشه‌ دروست بكه‌ن، بۆ من گرنگ نییه‌ پارێزگاری کەرکووک دابنرێت یا نا، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن، كورد ئێستا پێویستی به‌ ڕێكخستنی نێو ماڵی خۆیه‌تی”.

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست هۆشداریی داوە لەوەی کورد ئەوەی هەیەتی، لە دەستی بدات، بەهۆی ئەوەی دەنگێکی ناساز لە کوردستان باس لە دوو ئیدارەیی دەکات، یەکێتی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بە مەرجی رێککەوتنیان لەگەڵ پارتی بۆ دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکووک، بەشداریی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەکاتێکدا پێش خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، پارێزگاری کەرکووك لەلایەن یەکێتییەوە دیاری کرابوو.

بەهۆی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووك لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە درایە راکان جبوری، کە عەرەبێکی شارەکەیە و دوای دەست بە کاربوونی، دەیان بڕیاری لە دژی گەلی کوردستان داوە.

 

Back to top button