سەڵاحەدین بەهادین پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

خواكوڕك

لە پەیامێكی دا سەڵاحەدین محمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیس بووك لە پەیچی خۆی پەیامێكی بڵاو كردۆتەوە رایگەیاندووە، مامۆستای شەهید دكتۆر هۆشیار عەلەمدارێكی بەرزی مەیدانی ئاشتی و پێكەوە ژیان و چاكسازی و خێرخوازی و ئازادی و یاسا سەروەری بوو لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق.
شەهیدی نەمر هەڵگری بیرو هزری میانەرەوی ئیسلامی و چالاكوانی مەدەنی و كرانەوە و دژایەتی تیرۆر و توندرەوی بوو .

هەر لە پەیامەكی دا دەلێت سەرەرای ئەوەی كادرێكی پێشكەوتووی زانایانی یەكگرتوو بوو هەمیشە كەسایەتیەكی گشتی و خزمەتكارێكی سەرجەمی جەماوەر و خەمخۆری بێناز و هەژار و بێ باوك و دوعا گۆی پێشمەرگە و پارێزەرانی خاك و وڵات بوو.. هەروەك هەمیشە بوێرانە ئامۆژگاری كاربەدەست و رەخنەی بنیاتنەری لەسەر زمان بوو.

لەدرێژەی پەیامەكی دا ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی دەلێت مینبەر و میحرابەكەی سەربڵندانە راگیر ئەكرد و مزگەوتەكەی كردبووە مەدرەسەی پەروەردە و پێگەیاندنی هاوڵاتی خزمەتكار و نیشتمان پەروەر و میانرەو ..
بەڵێ ئەوە بەشێكە لە پێناسەی ئەو پیاوە مەزنە .. هەر بۆیە بینیمان هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق و دەرەوە هەر یەكە بە شێوەی گونجاو و مومكن هاوخەمی و نیگەرانیان دەڕبری … لە سیاسی و سەركردەكان لە دەسەڵاتدار و حكومەت و كاربەدەستان ، لە زانایان و بانگخوازان و سەرجەم موسڵمانان .. لە قەشە و پیاوە ئاینیەكانی مەسیحی و یەزیدی و زانایانی سوننی و شیعە، لە كورد و توركمان و عەرەب ، لە بیانیەكان و قونسڵخانەكان.. بەڵێ هەموو ئەوانەی هەواڵەكەیان بیست لە ناخەوە هەژان و حەسرەتیان دەربڕی و تاوانەكەیان ریسوا كرد ..
لە هەموو شارو شارۆچكەكان بە گێرانی ماتەمینی و تازیە و بەگردبوونەوە و رێپێوان و بەیاننامە دەركردن. ئەوا چەند رۆژە هەستی نارەزایی دەر ئەبڕن.
لەبەرانبەر ئەم تابلۆ جوانەدا و لەم بۆنە خەمناك و هەستیارەدا بە پێویستی ئەزانم ئەم چەند خاڵە بخەمە روو : 1.سوپاس و پێزانێكی فراوان ئاراستەی سەرجەم زانایان و لایەنە حكومی و سیاسیەكان و كەسایەتی و عەشیرەت و توێژە جیاجیاكان ئەكەم كە دڵسۆزانە و بەجوانی هاوغەمی خۆیان دەربڕی. 2.وێستگەكە و رووداوەكە دەخوازێ دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكان زۆر پەلە بكەن لە دۆزینەوەی بكەرانی ئەم تاوانە گڵاوە و دڵی دۆستان شەهید خۆش بكەن و رێگە بە دڵە راوكێ و گومان نەدەن و پەردە لەسەر ئەم تاوانە هەڵماڵن.
3.با ئەم رووداوە بكەینە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ پەلەكردن بۆ بەرەو پێشەوە بردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامخوازان كە شەهید یەكێك بوو لە پشتیوان و هەڵگرانی ئەم پرۆژەیەو بەمەش روحی بەوە شاد تر ئەبێت. 4.ئەم یەكهەڵوێستیەی هەمووان ئەتوانێ ببێتە سەكۆی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و راماڵینی ئەوگرژی و ناكۆكیەی كە باڵی كێشاوە بەسەر دۆخە سیاسیەكەی هەرێم دا و دەرگای گفتوگۆی داخستووە و گشت دەزگا و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێمی پەكخستووە و هەموولایەكی دەستەوسان كردووە لە ئاستی چارەسەردا.
هەر لەدرێژەی پەیامەكەی دا سەڵاحەدین بەهادین دەلێت مادام گشتمان دژ بەم تاوانە تیرۆریستیە وەستاوین دەتوانین خوێنی بە ناهەق رژاوی ئەو پیاوە زانا و ئەكادیمی و دڵسۆزە بكەینە هەوێنی ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی گشتی هەروەك یەكهەڵوێستی لەبەرانبەر داعشەكانەوە دیمەنێكی جوان و شیاوە، چونكە تەحەدیات و هەرەشەكانی سەر ئەزمونە سیاسی و فەرمانرەواییەكەمان و ناهەمواری حاڵی قەیرانەكانی ناوخۆ ئەخوازێ لە هەلێك بگەرێین بۆ یەكریزی و یەك هەڵوێستی ئەو دەست پێش خەریەی لە ئارادایە با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین و تیرۆری ئەم پیاوە مەزنە بكەینە هۆكار و پاساوی بریارێكی بێ مەرجی سەركردانە بۆ چارەسەری قەیرانەكە.

لەكۆتایش دەلێت بەرژەوەندی گشتی ئەزمون و گەل و نیشتیمانەكەمان دەخوازێ هەموولایەكەمان لە هەندێ داوا و خواستەكانی خۆمان دابەزینە خوارەوە ..دەخوازم هەروەك ژیانی ئەم پیاوە میللەت پەروەر و چاكەخواز و خێرخوازە پر بوو لە خێر و چاكە باكۆچی دوایی و شەهیدبوونی بكەینە خاڵێكی دەستپێك بۆ هەڵمەتێكی ئاشتەوایی و بیكەینە هەوێنی قۆناغێكی ستراتیژی و ئایندەیەكی گەشتر بۆ گەل و وڵات ..

Back to top button