مەسرور بارزانی لەبارەی وەبەرهێنان بزانە بەرنامەی چیە
ئەمرۆ 25ی 6ی 2019 مەسرور بارزانی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی فرەوانی یەكێتی ژووری بازرگانی ویڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ستیڤ لوتەس جێگری سەرۆكی ژووری بارزگانی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست كرد،
لە دیدارەكەدا مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە هاتنی ئەم شاندە فراوانەی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا دەربڕی و بە ئاماژەیەکی گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوولای هەژمار کرد.راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر زەمینەی لەباری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە بەرنامەیەکی سەرەکیی کابینەی داهاتووی هەرێم، ڕاکێشانی هەرچی زیاتری وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و بێگومان کۆمپانیاکانی ئەمەریکاش دەتوانن سوود لەو هەلومەرجە ئابوورییەی ناو هەرێم وەرگرن.
هەر لە دیدارەكەدا ئاماژەی بەوەدرا کە ئەمە سەرەتای هەنگاوی کردەیی کابینەی داهاتوو دەبێت بۆ ئەوەی ئابووری کوردستان فرەسەرچاوە بێت و تەنیا پشت بە کەرتی نەوت نەبەسترێت. لەلای خۆیەوە سەرۆکی شاندەکە، وێڕای ئومێدی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی کابینەی داهاتووی هەرێم، هەروەها جەختیان لە سەر نیازی یەکێتی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد لە هاندانی کۆمپانیاکانیان بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا.لە میانەی گفتوگۆکاندا تیشک خرایە سەر گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکان، بە تایبەت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم و وەبەرهێنان لە کەرتەکانی تەندروستی و تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و پێشخستنی سیستەمی دارایی و کەرتی پەروەردە لە هەرێم.