كێ رێگرە لە دروستكردنی رێگای 100 مەتری سلێمانی, بەر پرسێكی یەكێـتی روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە
لەگەڵ ئەوەی دووەمجارە پارەی پێویست بۆ دروستكردنی شەقامی بازنەی 100 مەتری بۆ سلێمانی دەرچووە بەڵام تا ئێستا شەقامەكە دروست نەكراوەو پارەكەش روون نیە چی لێكراوە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەخنەی توند لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی 100 مەتری دەگرێت, خواكوڕك زانیویەتی بە هۆی چەند پرۆژەیەكی نیشتەجێ بوونی (بەرهەم سالح و لاهور جەنگی) ناتوانرێت شەقامەكە وەك پێویست دروستبكرێت.
رێكەوت زەكی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕەخنەی تووند لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی بازنەیی 100 مەتری دەگرێت و ڕایگەیاندووە: “هاووڵاتیانی ئـەم پارێزگایە مافی خۆیان بووە ئـاگاداربن بۆچی حاڵی شەقام و سەوزایی و ئـاوی ماڵان و پرۆژە ستراتیژییەكانیان لێكراوەتە عوقدە”.
دەشڵێت: “شتێك نییە بەناوی شەقامی بازنەی 100 مەتری و ئەو شەقامە كورت دەكرێتەوە بۆ جووت سایدێكی ڕووتی بێ خزمەتگوزاری”.
هەروەها خواكوڕك زانیویەتی كە چەند پڕۆژەیەكی تایبەت بە یەكەی نیشتەجێ بوون لەو شوێنانە خراونەتە واری جێبەجێكردن كە خاوەنەكەیان هەریەكە لە ( بەرهەم ساڵح و لاهور جەنگین) شارەوانی شارەكە ناتوانێت پڕۆژەكان بوەستێنێت.
بە پێێ زانیاریەكانی خواكوڕك نەخشە دروستكردنی شەقامی بازنەیی 100 مەتری ساڵی 2015 دراوەتە حكومەتی هەرێم و رەزامەندی لەسەر دراوە بە بڕی 90 ملیار بەڵام پڕۆژەكە نەخرایە واری جێبەجێكردن و پاش چەند مانگێك ئەو یەكەی نیشتەجێبوونانە لەسەر هەمان زەوی دروستكران كە شەقامەكەی بەناودا تێپەڕدەبێت بۆیە دروستكردنی شەقامەكە پەكی كەوت.
دەقی ڕوونكردنەوەكە:
لەم مینەبەرەوە وەك نوێنەرێكی خەڵك ئـەوەندەی توانیبێتم لەو پرسانەی كە گشتین و ستراتیژین، ڕونم كردۆتەوە و خستومەتەڕوو، بەتایبەت لەو جێگایەی گەیشتوینەتە حەدی بێدەسەڵاتی، هاووڵاتیانی ئـەم پارێزگایە مافی خۆیان بووە ئـاگاداربن بۆچی حاڵی شەقام و سەوزایی و ئـاوی ماڵان و پرۆژە ستراتیژیەكانیان لێكراوەتە عوقدە.
بابەتی شەقامی 100 مەتری یەكێكە لەپرۆژە ستراتیژیەكانی شاری سلێمانی كە خزمەتی گەورە بە ژێرخان و كەرتی گواستنەوە و ئـاوەدانی ئـەم شارە دەكات، بەڵام مەخابن خەونی شەقامی بازنەیی 100 مەتری وا كورت دەكرێتەوە بۆ جوت سایدێكی ڕوتی بێ خزمەتگوزاری لەنێوان تاسڵوجە-عەربەت، ئـەوەی ڕای گشتی ئـەم شارە پێویستە ئـاگاداری بێت بریتیە لە:
1- تائـێستا یەك دینار نەخراوەتە خزمەتی دەستپێكردنی پرۆژەكەوە، نە 90 ملیارەكەی سەرەتا و نە 50 ملیارەكەی دواتریش تەنیا ژمارەی سەر كاغەزن.
2- بەمەی ئـێستا هەنگاوی بۆ دەهاویژرێت شتێك نییە بەناوی شەقامێكی بازنەیی 100 مەتری بەڵكو تەنیا دەمێنێتەوە بەشێكە لە 3 بەش، كەتەنیا جوت سایدی تاسڵوجە-عەربەتە چونكە 2 بەشەكەی تری پرۆژەی نیشتەجێ و گەشتیاری مۆڵەتداری دیكەی لەسەر دروستكراوە.
3- تائێستادا برادەران هەر سەرقاڵی ئـەوەن پرۆژەكە لە نێوان پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی دەهێنن و دەبەن كە ئـایا پرۆژەكە سەر بە كامیان بێت.
4- لەكۆنوسی لیژنەی پێكهێنراودا جێگیر كراوە كە پرۆژەكە لەكۆمپانیا توركیەكان وەربگیرێتەوە كە بێگومان قەرەبوكردنەوەی مادی كۆمپانیاكانی تێدەكەوێت! بەبێ ڕونكردنەوەی هۆكاری وەرگرتنەوەكە و دیاریكردنی ئـالیەتی پێدان بەكۆمپانیای دیكە!
5- بەداخەوە ئـەو لەتە بازنەیەشی كە لەشەقامەكە دروستدەكرێت هەندێك بڕگەی لێ لادەدرێت.
6- دەسەڵاتی ئـیداری و مالی لەم بابەتەدا لای ئـەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاریش نییە.
بۆ ئـەوەی بزانین كێ سەبەبكارە، كێ كەمتەرخەمە، بۆچی پرۆژەكانی ئـەم شارە دەكرێنە عوقدە و ئـیش ناڕوات، بۆچی دوای زەردبون تانكەرە ئـاو دەگاتە باخچە و بلوارەكان، بۆچی ترومپاكانی ئـاوی دوكان سلێمانی پارەی بۆ تەرخان ناكرێت، بابچینە سەر وەیس.