خالید شوانی: پێچەوانەی حزبەكەی دەڵێت:” گرنگ نیە پارێزگاری داهاتوی كەركووك یەكێـتی بێت گرنگ ئەوەیە كەسێكی نیشتمانپەروەر بێت
دوای ئەوەی پارتی و یەكێـتی لێژنەیەكیان پێكهێنا بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووك لە ئێستادا لیژنەی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك لە بەغدا سەرقاڵی دانووستانەكانییەتی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و خالید شوانی ئەندامی لیژنەكەش رایگەیاند، گەشبینە بە هەوڵەكان و بڕیاریشە سبەی پارتی و یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسانە كۆببنەوە.
خالید شوانی، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ پێكهاتە و لایەنەكانی كەركووك، ترسی موزایەدە هەیە. بڕیارمان وایە زانیارییەكان بۆ میدیا نەبێت تا دەگەینە رێككەوتن.
ئەو ئەندامەی لێژنەی ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركووك گوتیشی: بەرەوپێشچوون لە كۆبوونەوەكان هەبووە، بە تایبەتی لە بارەی رەوشی ئەمنی و سەربازی كەركووك. بەو پێیەی رەوشی ئێستای كەركووك ئاسایی نییە و هەژموونی سەربازی باڵی بەسەردا كێشاوە و ئەو رەوشە پێویستی بە چارەسەركردن هەیە.
خالید شوانی رەتیكردەوە، كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك و گوتیشی: گرنگ ئەوەیە كاندیدی پارێزگار كەسێكی نیشتمانپەروەر بێت و لە خەمی كەركووكدا بێت.
جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، ئەگەر پارێزگاری كەركووك دابنرێت هاوكار دەبێت بۆ چارەسەركردنی ریشەییانەی كێشەكان و لە بری ئەوەی نووسراو لە پارێزگارەوە بكرێت بۆ چوونە دەرەوەی هێزی پێشمەرگە لە ناوشوان و قەرەهەنجیر، پارێزگار كورد بێت دەتوانێت نووسراو بكات، كە ناوچەكە پێویستی بە هێزی پێشمەرگە هەیە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، خالید شوانی ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی پەیامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی داوەتەوە و بڕیارە سبەی هەردوولا كۆببنەوە.
ئاماژەشی دا، كە كەشوهەوای كۆبوونەوەكان ئەرێنییە و پێشبینی دەكات هەردوولایەنی سیاسی پارتی و یەكێتی لەو بارەیەوە بگەنە رێككەوتن.