سبەی گۆڕان ناوی کاندیدەکانی یەکلا دەکاتەوە .. راده‌ستی مه‌سرور بارزانی ده‌كات

سبەی پێنج شەممە ٢٧ی ٦ی ٢٠١٩، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبێتەوە و کاندیدەکانی یەکلا دەکاتەوە.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌ست (خواكوڕك) كه‌وتوون، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ناوی ئه‌و چوار كاندیده‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی پۆستی وه‌زاره‌ت وه‌ربگرن.

هه‌روه‌ها له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا 11 كاندید كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی رێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ كراوون، گفتوگۆ له‌سه‌ر سیڤییه‌كانیان ده‌كرێت و 4 كه‌سیان بۆ وه‌رگرتنی پۆسته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراوی هه‌رێمی كوردستانی بكه‌ن.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا خاوه‌نی 12 كورسییه‌ و به‌شداریی له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا ده‌كه‌ن.

هەر لەمبارەیەوە نووری حەمەعەلی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: گۆڕان ناوی کاندیدەکانی دەنێرێت، سۆسیالیس و پێکهاتەکانیش یەکلا بوونەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە یەکێتییە کە ئەمڕۆ یان سبەی بەلایەکدا دەکەوێت.

مه‌سرور بارزانی له‌ سه‌رجه‌م دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداریی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێش واده‌ی دیاریكراو پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌ به‌رده‌می په‌رله‌مان و چاوه‌ڕوانی لایه‌نه‌كانن ناوی كاندیده‌كانیان راده‌ست بكه‌ن.

Back to top button