هاووڵاتیانی سیدهكان: به هۆی پەكەكە و بۆردوومانهكانهوه گوندەكانمان چۆڵ دهكەین
لە 15/5ـەوە رۆژانە سوپای توركیا بە هۆی هەبوونی پەكەكە لەو ناوچانەدا، گوند و ئاواییەكانی سیدەكان بۆردوومان دەكات، كە هەر بەو هۆیەوە 115 گوندی دەڤەری برادۆست چۆڵ كراون، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكانیش دەڵێ، لەو ماوەیەدا پوش و پاوانی گوندەكان هەمووی سووتاوە و 3 هاووڵاتیش بریندار بوونە.
ئازاد محەمەد، كە خەڵكی گوندی خەلیفانی سەر بە شارەدێی سیدەكانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: “ناتوانین 200 مەتر لە گوندەكەمان دوور بكەوینە و كار و كاسبیمان نەماوە، بە راستی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و بۆردوومانی سوپای توركیا، بە تەواوەتی ژیانی لە ئێمە تێك داوە و داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین چارەیەك بدۆزێتەوە، ئەگەرنا ناچار دەبین گوندەكەمان چۆڵ بكەین”.
خاڵد شەریف، هاووڵاتییەكی دیكەی ناوچەكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناو گوند و ئاواییەكان بۆردوومان دەكەن، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای خەڵك پەیدا كردووە و وای كردووە كە نەوێرێن لە ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، بۆیە داوا دەكەین سنوورێك بۆ ئەو بۆردوومانە دابنرێت، پەكەكەش بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكان دوور بخاتەوە، بۆ ئەوەی چیدیكە نەبینە قوربانی”.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: ” لە 15/5ـەوە رۆژانە توركیا ناوچەكانی سیدەكان بە هۆی پەكەكەوە بۆردوومان دەكات”.
بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان گوتیشی: “لەو ماوەیەدا بە سەدان دۆنم پوش و پاوان و رەز و باخی هاووڵاتیان سووتاوە و گوندەكان بێ پوش و پاوان ماونەتەوە، هەروەها بە دەیان سەر مەڕ و بزن لەناو چوونە، جگە لەوەی 3 هاووڵاتی لەو ماوەیەدا بریندار بوونە، ئەوەش هەمووی بە هۆی بوونی پەكەكەوەیە، هەر ئەمڕۆش ناوچەكانی خنێرە، بێركمە و خواكوڕك بۆردوومان كران”.