یەكێتیی ئەورووپا 22 ملیۆن یورۆ بۆ ژمارەیەك پڕۆژەی كوردستان خەرج دەكات
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا ڕایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە بە خەرجكردنی 22 ملیۆن یۆرۆ بۆ تەواوكردنی ژمارەیەك پڕۆژە.
دلاوەر خالید ئاژگەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: “بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنفڕانسی ساڵانەی یەكێتیی ئەورووپا بووین، كە بۆ ئەو وڵات و هەرێمانە رێك خرابوو كە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی قەیرانی سووریاوە. لە كۆبوونەوەكەشدا یەكێتیی ئەورووپا دەستخۆشی لە ناوەندی چارەسەرەكردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان كرد، كە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كارێكی زۆریان لە بواری خزمەتگوزاری و هاوكاریی مرۆیی پێشكەش كردووە”.
ئاژگەیی ئاماژەشی دا: “هەر لە كۆبوونەوەكەدا، بڕیار درا كە بڕی 22 ملیۆن یورۆ بۆ حكوومەتی هەرێمی كو ردستان خەرج بكرێت، چونكە زۆربەی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان بوونە و باسی ئەو پڕۆژانەش كرا، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریی پەنابەر و ئاوارەكان جێبەجێی كردوون”.
لەبارەی چۆنیەتیی خەرجكردنی پارەكەشەوە، گوتی: “بەشێكی پارەكە لە پڕۆژەكانی ئەو كۆمەڵگا و قەزایانە خەرج دەكرێت، كە بە هۆی زۆریی ئاوارە و پەنابەرەوە تووشی كەمبوونی خزمەتگوزاریی كارەبا و ئاو بوونە”.
دەشڵێ: “لە كۆبوونەوەكە نوێنەری وڵاتانی پارەبەخش ئامادە بوون و ئاماژەیان بەوە دا، كە دەبێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرین لە بواری خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران و لە وڵاتانی دیكەش كۆپی بكرێن”.
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە: “یەكێتیی ئەورووپا لە زۆر پڕۆژەی دیكەش هاوكاریی كوردستان دەكات، تەرخانكردنی ئەو بڕەپارەیەش، یەكێكە لە هاوكارییەكانی دیكەی یەكێتییەكە بۆ هەرێمی كوردستان”.