ترەمپ: بەرپابوونی جەنگ لەگەڵ ئێراندا درێژە ناخایەنێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩) لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی “فۆکس”ی تایبەت بە هەواڵی ئابوری ڕایگەیاند “هیچ هێزێکی پیادەی ئەمریکی لە مەیدانی جەنگ نابێت، ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئێراندا بەرپاببێت”.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردایەتی ئێران لاوازن هیچ و زیرەکیان نییە.

ترەمپ جەختیکردەوە” لە کاتی بەرپابوونی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، هیچ هێزێکی ئەمریکی لە گۆڕەپانی شەڕدا نابێت”.

لە بەشێکی تری لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن جەنگ لەگەڵ ئێراندا بەرپا نەبێت، چونکە ئەگەر ڕووبدات ئەوا درێژە ناخایەنێت.

ئەو لێدوانە نوێیەی ترەمپ لە کاتێکدایە دوێنێش بە هەمان شێوە لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، سەردەمی جۆن کیری و ئۆباما کۆتایی هاتووە، وەک ئاماژەیەک بۆ نەرمی نواندنەکانی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئیدارەی ئەو کاتەی ئۆباما، کە تا ئێستا چەندین جار ترەمپ هێرشی کردووەتە سەریان، بەوەی زۆر نەرم بوون لەگەڵ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.

ئەو لێدوانەی دوێنێ ترەمپ دوای ئەوە هات کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئیدانەی سزا نوێیەکانی ئەمریکای کرد و واشنتۆنی بە “عەقڵ دواکەوتوو” وەسفکرد، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش وتی، بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزاکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لێپرسراوانی باڵای ئێران و ئەمریکا زۆرترین لێدوانی توندییان لە دژی یەکتر داوە، بەشێوەیەک هەردوو جەختیانکردووەتەوە لەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانیان بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.

لە دوای هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە ئاوە هەرێمایەتییەکانی کەنداودا و تۆمەتبارکردنی تاران لە لایەن واسشنتۆنەوە، ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە پەرەی سەند.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی چاودێری بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لەسەر گەرووی هومرز لە لایەن سوپای پاسدارانەوە، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوات هەردوو وڵات چووە قۆناغێکی ترەوە.

Back to top button