“لەگەڵ یەکێتی نزیک بووینەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان”

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە، لەگەڵ یەکێتی نزیک بونەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پاراتی پارێزگارێکی کوردپەروەر و دڵسۆزی دەوێ بۆ کەرکووک. پەیوەست بە یەکلاکردنەوەی کاندیدانی پارتییش دەڵێ، یەکلا بوونەتەوە و لای ئێمە کێشەیەک نییە بە ناوی دیارکردنی وەزیرەکانی پارتی بۆ کابینەی حکوومەت.

بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوای دانانی وەزیری دادی عێراق گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتی تا ڕادەیەکی باش کراوەتەوە و نیوەی کێشەکە چارەسەر کراوە، چونکە برادەرانی یەکێتی ئەو پرسەشیان تێکەڵ بە پرسی دانانی پارێزگاری کەرکووک کردبوو، پارتی ھاوکار دەبێت بۆ دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک، بەڵام ئەگەر برادەرانی یەکێتی بڵێن لەگەڵ سوێندخواردنی کاندیدی ڕاسپێردراوی پارتی، کە مەسروور بارزانییە، پارێزگاری کەرکووکیش دەستبەکار بێت ئەمە لە ڕووی ھونەرییەوە شتێکی مەحاڵە، چونکە پڕۆسەکە پێویستی بە کارکردن هەیە.”

بلند ئیسماعیل گوتی: “دانانی پارێزگاری کەرکووک تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکو پێویستی بە ھاوکاریی حکوومەتی بەغدا ھەیە و پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووکیش داوای پۆست دەکەن. لە کەرکووک بابەتەکە ھەر دانانی پارێزگار نییە، دەکرێ بگەینە ڕێککەوتن، بەڵام دوواتر کار بۆ دانانی پارێزگار بکرێت.”

ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت: “پارتی کێشەی لەسەر ناوی پارێزگار نییە، بەڵام ئەوەی دووای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەبێتە پارێزگاری کەرکووک، کە ئەو پارێزگایە چەندین کێشەی تێدایە، پێویستە کەسێکی دڵسۆز و کوردپەروەر بێت و بە ھەموو لایەک ھاوکاری بن. لەبەر ئەوەش، پارتی زۆر پێداگری لەسەر ناوەکان دەکات، بۆ ئەوەی ناوێک بێت کە شایستەی ئەو پۆستە بێت.”

لەبارەی پڕۆسەی پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و یەکلاکردنەوەی کاندیدانی پارتییەوە، بلند ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: “پارتی کێشەی نییە لە دیاریکردنی کاندیدی وەزارەتەکان و بە سەعاتێک یەکلایی دەکەینەوە، ئەو وەزارەتانەی بەر پارتی دەکەون دیارن و ناوی وەزیرەکان دیاری کراون و ئەگەر گۆڕانکارییش بەسەر ناوەکاندا بێت، لای پارتی سروشتییە.”

Back to top button