نێیمار و بەرشەلۆنە رێككەوتن
راپۆرتی رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردوە كە نێیمار داسیلڤای بەرازیل و یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل بە شێوەیەكی زۆر باش نزیكبۆتەوە لە گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە.
رۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمرۆیدا ئاشكرایكردوە.. كە نێیمار بە شێوەیەكی فەرمی لەسەر هەمو خاڵەكانی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە گەیشتۆتە رێكەوتن و ئەو یاریزانە بە گرێبەستێكی پێنج ساڵی پەیوەندی بە یانە كەتەلۆنییەكەوە دەكات، لەلایەكی دیكەوە نێیمار بە كاربەدەستانی یانەكەی راگەیاندوە كە لەگەڵ بەرشەلۆنە گەیشتۆتە رێكەوتن و پێویستە رێگا بە رۆیشتنی بدەن.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشكراكردوە.. تەنها ماوە هەردو یانەی بەرشەلۆنەو پاریس سانجێرمان گفتوگۆكانیان دەست پێبەكەن بۆ ئەوەی رێبكەون لەسەر شێوازی گواستنەوەی ئەو یاریزانە، كە پێدەچێت بەرشەلۆنە یەكێك لە ئەستێرەكانی یانەكەی بكاتە ناو گرێبەستی گواستنەوەی نێیمار لە پێناو ئەوەی بە زوی كارەكانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئەنجام بدرێت و یانەی پاریس سانجیرمان رەزامەندی بنوێنێت لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ یانەی بەرشەلۆنە.
بەرشەلۆنە سێ مەرجی بۆ ئەو یاریزانە دانابو لە پێناو ئەوەی نێیمار بگەرێتەوە بۆ یاریگای كامپ نۆ، ئەو یاریزانەش ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی سەرجەم داواكارییەكانی یانەی بەرشەلۆنە جێبەجێ بكات و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێرشبەرە بەرازیلیە بەڵێنیداوە بە ئاشكرا داوای لێبوردن لە هاندەرانی یانەی بەشەلۆنە بكات.