هەولێر.. باندێکى دروستکردنى ڤیزاى ساختە دەستگیرکرا

وەزارەتی ناوخۆى حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم دەستگیرکردنى باندێکى لە هەولێر ڕایگەیاند، کە بەناوى وەرگرتنى ڤیزاوە پارەیان لە هاوڵاتییان وەرگرتووە.

سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێم لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، باندەکە لەژێر ناوی کۆمپانیایەکی گەشتیاری فێڵیان لە خەڵک کردووە و بەناوی وەرگرتنی ڤیزای شنگن و ڤیزای تورکیا پارەیان وەرگرتووە.

وتیشى، باندەکە بۆ وەرگرتنی هەر ڤیزایەکی شنگن لە نێوان ١٥هەزار تاوەکو ٢٠هەزار دۆلاریان لە خەڵک وەرگرتووە.

سامى جەلال دەشڵێت، ڤیزا ساختەکان هی وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا بوون، کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتانەشیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ڤیزایانە ساختەن و لەلایەن ئەوانەوە دەرنەچوون.

ئەوەشی ووت، لە كاتی دەستگیركردنی باندەكە دەست بە سەر چەند كۆمپیوتەرێكدا گیرا كە كاری ساختەیان پێكردووە لەوانەش، ساختەكردنی تۆماری خانوو و زەوی، هەروەها لە نێو كۆمپیوتەرەكە چەند پاسپۆرتێكى ساختە هەبووە كە لە سەردەمی چەكدارانی داعش بۆ هاووڵاتیانی موسڵ دروست كراوە .

سامی جەلال داوا لە هاووڵاتیان دەكات بە هیچ جۆرێك هەڵنەخەڵەتێن بە بێ چاوپێكەوتن و پەنجە مۆر و سەردانی كونسوڵخانەكان هیچ جۆرە ڤیزەیەك وەرنەگرن

Back to top button