پێشمەرگەیەك له‌ رووبارێكی باڵه‌كایه‌تیدا خنكا

لە سەیرانگای کەتینی گوندی ئێنەی قەزای چۆمان کە رووباری پرژەی پێدا تێپەڕدەبێت دوو گەشتیار کەوتوونەتە نێو رووبارەکە و یەکێکیان زوو خۆی گرتووەتەوە بەڵام یەکێکی دیکەیان ئاوبردوویەتی و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

ئەحمەد نەجات بەڕێوەبەری بنکەی بەرگری شارستانی چۆمان رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر (06:00) به‌ كاتی هه‌ولێر، دوو گەشتیار دەکەونە نێو رووبارەکە، یەکێکیان زوو خۆی دەگرێتەوە، بەڵام کەسێکی دیکەیان بەناوی فەرمان غفوور کە تەمەنی 36 ساڵە و ملازمی ھێزەکانی پێشمەرگەیە و دانیشتووی ھەولێرە ئاو بردوویەتی و تاوەکو ئێستا بە دوای دۆزینەوەی تەرمەکەیەوەن.

روونیشیكرده‌وه‌، تیمەکانیان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی تەرمی خنکاوەکە، بەڵام بەهۆی ساردی و تیژڕەوی ئاوی رووبار کاری دۆزینەوەی تەرمەکە سەختە و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بدۆزرێته‌وه‌.

باڵەکایەتی ناوچەیەکی شاخاوییه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان شاخەکانی کۆدۆ و حەساری سەکران بەهۆی مانەوەی بەفر، لە وەرزی هاوین گەشتیاری زۆر رووی تێدەکەن و لەو مانگەش دووەمین کەسە لەو ئاوەدا دەخنکێت و شەشەمین حاڵەتی خنکانیشە لە سنووری شارۆچكه‌ی سۆران.

Back to top button