دۆخی خراپی یەكێتی بەرەو كوێ؟

ئەردەڵان هەڵەبجەیی

لەگەڵ سەردانی كاندیدای ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دیاریكردنی پشكی لایەنەكان،یەكێتی بە بیانوی دانەنانی پارێزگارێك بۆ كەركوك جارێكی تر ناوی كاندیدەكانیان ڕادەست نەكرد،لێ لە ڕاستیدا پرسی كەركوك لای یەكێتی بۆ شاردنەوەی ناكۆكی و پێكنەهاتنی ئاڕاستەكانی ناوخۆیەتی لە دیاریكردنی ناوی كاندیدەكان،بە جۆرێك كە لە دوا كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە گرژیەكان هێندە گەورە بوون كە گەیشتونەتە ئاستی هەڕەشەو هەڵچون.
ئەو دۆخەی ئێستای یەكێتی خراپترە لەو قۆناغەی كە بزوتنەوەی گۆڕانی لێ جیابوەوە ئەوەیش لەبەر ئەوەی ئەوكات جەلال تاڵەبانی لە ژیاندا بوو لە لایەك و لە لایەكی دیكەیش پارتی وەك هاوپەیمانی یەكێتی پشتی یەكێتی بەرنەداو بە نەفەسی نیوە بە نیوە كۆی دامەزراوەكانی لەگەڵ دابەشكرد،بەڵام ئێستا جگە لە نەبونی سكرتێری حزبەكە،چاوەڕێ ناكرێت پارتی هەمان هەڵوێستی پێشوی بەرامبەر یەكێتی هەبێت،بۆ ئەوەش زیاد لە هۆكارێك هەن بەڵام ڕەنگە دیارترینیان خیانەتی دەستەیەكی ناو یەكێتی بێت لە شانزەی ئۆكتۆبەر و نەبونی بڕیاڕی سیاسی و یەكلایكەرەوە لەناو ئەو حزبە.
ئێستا یەكێتی دڵنیایە كە پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك لە لایەن پارتیەوە قبوڵ كراوە و هیچ بیانویەك نەماوە بۆ دیاری كردنی كاندیدەكانی جگە لە ناكۆكی و پشك پشكێنەی بنەماڵەیی و شەخسی.
یەكێتی هێزێكە هێند كێشەی ناوخۆیی هەیە لە بری مەكتەبی سیاسی كەس و لە بری جێگری سكرتێری گشتی كادرێكی بۆتە خاوەن بڕیار،هەر ئەوەش بوو كە وایكرد گۆڕان لە بری ڕێكەوتن لەگەڵ ئەو حیزبە پارتی هەڵبژێرێت،چونكە وەك گۆڕان ڕایگەیاند یەكێتی هێزێكە جێگای متمانەی ئەوان نیە،ئێستا بۆ پارتیش هەمان تێڕوانین بۆ یەكێتی هەیە و ئەوەش لە كاتی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم وە دیار كەوت كە وێڕای ڕێكەوتن لە كۆتا ساتەكاندا لە دەنگدان بە كاندیدی سەرۆكی هەرێم پەشیمان بونەوە،تەنانەت پارتی لەو هەڵوێستە هێند بێ ئومێد بوو لە یەكێتی خوازیار بوون كە دەنگ بە كاندیدی سەرۆكی حكومەتیش نەدەن.
دواجار
یەكێتی لە نێوان بەشداری كردن یان نەكردن لە كابینەی نوێدا لەبەردەم گرفتی گەورەدایە ئەو گرفتەش هاوشێوەی گرفتی نەبەستنی كۆنگرەی ئەو حیزبەیە!!

Back to top button