پارتی پشتگیری مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكەین بە هەموو شێوەیەك

 

دوای ئاشكرا بوونی چەند هەولێكی گرووپ و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق, گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت پارتی پشتیوانی لە مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكات وەكو سەرۆكوەزیرانی عێراق چونكە “كەسێكە بەباشی لە رەوشی عێراق دەگات”.

د. ئارام ناجی بالەتەیی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: “هەوڵێك هەیە لە نێو كوتلە سیاسییەكانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی بە بیانووی جیا جیا بەڵام فراكسیۆنی پارتی پشتگیری تەواو لە مانەوەی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات چونكە پێمان وایە ناوبراو بەباشی لە رەوشی عێراق تێدەگات و دەزانێت گرفتی ئەو وڵاتە چییە، لەناو زۆربەی سیاسییەكانی عێراقیش تاكە كەسە لە چەمكی فیدڕالی بەتەواوی تێدەگات”.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد: ” ئاشكرایە لە كابینەی ئێستا بە سەرۆكایەتی عەبدولمەهدی قەبارەی كێشەكان بچووكترە چونكە ناوبراو بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵات هەیە و دژی مەركەزییەتە پێچەوانەی شۆڤێنییەكان، لایەنە شیعییەكانیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لەو قۆناغەدا ناتوانن رێكبكەون لەسەر كاندیدێك بۆ جێگرتنەوەی ناوبراو”.

گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو” ئێستا ناوچەكە بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت بە هۆی ململانێ و ناكۆكی نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆیە ئەستەمە كەسێكی دیكە بتوانێت ئەو باڵانسە ڕابگرێت و نەبێتە لایەنگری هیچ كامیان”.

Back to top button