گۆڤارێكی ژاپۆنی: ئاشكرای دەكات كە ئێران لە رێگای وڵاتێكی دیكە نەوتی خۆی دەفرۆشێت
دوای ئەوەی ئەمریكا چەند سزایەكی بەسەر ئێراندا سەپاند و رایگەیاند لە هەوڵدان ئاستی فرۆشتنی نەوت بكەنە سفر بەڵام تا ئێستاش ئێران رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكات گۆڤارێكی ژاپۆنی ئاشكرای دەكات كە ئێران لە رێگەی وڵاتێكی ترەوە نەوتی خۆی هەناردەی چین دەكات.
گۆڤاری نیكی ژاپۆنی لە لە راپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەدات كە: ئێران نەوتەكەی بۆ گەروی مالاكا لە مالیزیا دەگوازێتەوە و لەوێشەوە نەوتەكە دەخرێتە نەوتهەڵگری گەورە و رەوانەی چین دەكرێت.
بەهۆی سزاكانی ئەمریكا ئاستی فڕۆشتنی نەوتی ئێران بۆ 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەمببوەوە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسانی حكومەتی تاران باسیان لەوەكردبوو، كە هەناردەی نەوتیان بەرزكردۆتەوە.
هاوكات واناندا هاری بەڕێوبەری كۆمپانیایەكی توێژینەوەی بواری نەوت لە مالیزیا باسی لەوەكردووە، كە مانگی رابردوو ئاستی هەناردەی نەوت لە وڵاتەكەیەوە بۆ چین بە رێژەی 86% بەرزبوەتەوە، ئەمەش گومانی ئەوەی بەهێزكردووە، كە ئێران لە رێگەی مالیزیاوە بازی بەسەر سزاكانی ئەمریكادا داوە و نەوتی خۆی هەناردەی چین كردووە.