ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق: لە سەدا 80ی ئەو كەسانەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی هەتاهەتایی حوكمدراون لە عێراق بێتاوانن

لەگەڵ ئەوەی جێبەجێكردنی یاسای لە سێدارەدان لە ئێستادا لە جیهان خەریكە قەدەغە دەكرێت بەڵام عێراق تا ئێستا ئەو یاساییە جێبەجێدەكات, ئەندامێكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات لە سەدا 80ی ئەو كەسانەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی هەتاهەتایی حوكمدراون بێتاوانن
وەحدە ئەلجومەیلی ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند لە سەدا 80ی ئەو كەسانەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی هەتاهەتایی حوكمدراون بێتاوانن و لە ژێر ئازار و ئەشكەنجەدا دانیان بەو تاوانەدا ناوە كە خراونەتە پاڵیان.
جومەیلی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا ئاماژەی بەوە دا كە زۆربەی دەستبەسەركراوان بە رێگای دوور لە مرۆیی و ئاكاری دەستبەسەركراون و تۆمەتیان خراوەتە پاڵ.
ناوبراو بە تیشك خستنە سەر ئەوەی كە لە سەدا 80ی ئەو كەسانەی بە لەسێدارەدان و زیندانیكردنی هەتاهەتایی حوكمدراون بێتاوانن و لە كاتی لێپرسینەوەدا‌ ئازار و ئەشكەنجەدان دراون.
ئەو ئەندامەی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، داوای هەمواركردنەوەی مادەی نۆیەمی یاسای لێبوردنی گشتیی كرد كە پەیوەندیدارە بە دووبارە دادگاییكردنەوەی حوكمدراوان.

Back to top button