ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

له‌راگه‌یاندراوێكدا كه‌وێنه‌یه‌ك بۆ ماڵپه‌ری (خواكوڕك) نێردراوه‌ ، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان دڵگرانى و نیگه‌رانیى قووڵى خۆى بۆ كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانیانى سڤیل له‌ ئه‌نجامى بۆمبارانى ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا ده‌رده‌بڕێت و سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ و که‌سوکاریان ده‌کات.

حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت ، هه‌بوونى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچانه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ و هاتنى به‌ئه‌نقه‌ستیان بۆ ناو گوند و ئاواییه‌كان، بێباكانه‌ ژیانى گوندنشینانى ئه‌و ناوچانه‌ى خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌،  هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ ڕێگر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان.

ده‌شڵێن ، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قبووڵ ناكات و ڕێگه‌ نادات خاكه‌كه‌ى بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر و تێكدانى ئاسایشى وڵاتانى دراوسێ به‌كار بهێنرێت و به‌و هۆیه‌وه‌ ژیانى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه. ‌

له‌به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ی حكومه‌تى هه‌رێمدا هاتووه‌ ، ناوچه‌ گوندنشینه‌كانى سنوور ده‌بێ نه‌كرێنه‌ مه‌یدانى پێكدادانى سه‌ربازى و بۆمباران، چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ش ده‌بێ له‌ گوندنشینان دووركه‌ونه‌وه‌ و نه‌یانخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌كۆتادا حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان   ده‌رباره‌ی ڕووداو و بۆمبارانه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ناوچه‌ سنوورییه‌کان رایده‌گه‌ێنێت  نیگه‌رانیی خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ تورکیا و  داواکارین دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

Back to top button