وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداری بە پەکەکە دەدات
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی درووستکردنی هێزێکی چەکدار کە ئامانجەکەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت، هۆشداری بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، پەکەکە بە فەرمی درووستکردنی (هێزی پاراستنی جەوهەری – هەپەجە)ی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ئەو هێزە سەنتەری کارکردنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەبێت.
لە بەرامبەردا لیوا بابەکر فەقێ، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەوان ئەم بابەتەیان تاوتوێ کردووە.
ڕوونیشی کردەوە کە هەر گرووپێک دەست بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان درێژ بکات، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە مافی بەرگری لەخۆکردن بەکار دەهێنێت، هەرچەندە بەهیچ شێوەیەک دەستپێشخەری بۆ کردەوەی سەربازی ناکەن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە نەیشاردەوە کە ئەو گرووپانە ”دەستی دەرەکییان لە پشتەوەیە“ و دەیانەوێت لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی کوردستان، ئامانجەکانیان بپێکن، بەڵام ”هیچیان پێ ناکرێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، لەبارەی ئەم گرووپەوە کە پەکەکە درووستی کردووە، ”هەڵوێستیان ئیجابی دەبێت“، چونکە ھاوپەیمانان ھاوکارن بۆ سەقامگیریی ئاسایشی کوردستان، ”ھەر گرووپێکیش شێوازی تێکدان بگرێتە بەر، هاوپەیمانان دێنە سەر هێڵ و کاردانەوەیان دەبێت”.