“لە چەند ساڵی ڕابردوودا ٦٠ ھاووڵاتیی سیدەکان بوونەتە قوربانیی شەڕی پەکەکە و تورکیا”

ماوەی چەند ڕۆژێکە بە بیانووی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا خاکی ھەرێمی کوردستان بوردوومان دەکەن و بەوھۆیەوە لە حەفتەی ڕابردوودا پێنج ھاووڵاتیی سڤیل شەھید بوونە. پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێ، داوا دەکەن چیی تر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان نەبنە قوربانیی شەڕی نێوان دوو لایەنی دەرەکی.”

دکتۆر زێدان برادۆستی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “بەھۆی شەڕ و پێکدانانی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، ساڵانە ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیلی ھەرێمی کوردستان دەبنە قوربانی. بەداخەوە ئەمساڵ بەھۆی تۆپباران و بوردوومانی تورکیاوە نزیکەی زیاتر لە ١٠ ھاووڵاتیی سڤیل شەھید بوونە و ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوونە، ئەمە جگە لە زیانی ماددی کە بەر ھاووڵاتییان کەوتووە، لەبەر ئەوەش، داوا لە وڵاتی تورکیا و پەکەکە دەکەین شەڕی خۆیان نەھێنن بۆ ناو گوندەکانی ھەرێمی کوردستان، با چیی تر ھاووڵاتییانی بێتاوان نەبنە قوربانی.”

پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: “زیانی شەڕی تورکیا و پەکەکە تا دێت بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان زۆرتر دەبێت، چونکە بەپێی ئامارێک کە گەیشتووەتە دەستم، تەنیا لە ساڵانی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی سیدەکان نزیکەی ٦٠ ھاووڵاتی بوونەتە قوربانی، کە ھیچ بەھانەیەک نییە بۆ لێدانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و مەیدانی شەڕی پەکەکە و تورکیاش خاکی ھەرێم نییە.”

لەبارەی سەرهەڵدانی گرووپێکی دیکەی سەر بە پەکەکە لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر زێدان برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ھەر گرووپ و ھێزێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی دابمەزرێت ئەوە دەچێتە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەو گرووپەش ھیچ پەیوەندییەکی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە، چونکە حزبێکی دیکەی سەر بە پەکەکەیە و مۆڵەتی دەزگا فەرمیەکانی نییە، لەبەر ئەوەش، ئێمە بە زیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستانی دەزانین.”

Back to top button