لووتكەی G20كۆتای هات, لە راگەیێندراوی كۆتای دەڵێن گەشەی ئابووریی جیهانیی لە ئاستێكی نزمدایە
دوای ئەوەی لووتكەی G20 لە ژاپۆن بەرێوەچوو كە سەركردەكانی 20 وڵاتی خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان تێیدا بەشدار بوون، ئەمڕۆ كۆتایی هات و لە راگەیەنراوی كۆتاییدا باس لەوەكرا، گەشەی ئابووریی جیهانیی لە ئاستێكی نزمدایە.
لووتكەی G20 كە بەسەرۆكایەتی ژاپۆن بۆ ئەم خولە، لەشاری ئۆساكا سازكرابوو، رۆژی شەممە كۆتاییهات، لەدوای كۆتاییهاتنی لووتكە دوو رۆژییەكە، راگەیەنراوێكی كۆتایی 43 ماددەیی بڵاوكرایەوە كە لەلایەن سەرجەم ئەندامانی G20ەوە واژووكراوە.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، گەشەی ئابووریی جیهانیی لە ئاستێكی نزمدایە و لەگەڵ هەڵكشانی گرژییە بازرگانیی و جیۆپۆڵەتیكییەكاندا، مەترسییەكان زیادیان كردووە.
لەراگەیەنراوەكەدا باسی ناكۆكییە بازرگانییەكانی نێوان ئەمریكا، چین و وڵاتانی دیكە نەكراوەو سەبارەت بە بازرگانی و سزاكان جەخت لەوەكراوەتەوە كە بازاڕەكان بە كراوەیی دەمێننەوە و پشتیوانیی لە ریفۆرمە پێویستەكانی رێكخراوی بازرگانیی جیهانیی دەكەن و كاردەكەن لەپێناو رەخساندنی “هەلومەرجی یەكسانی” جیهانیی لەوبارەیەوە.
ساڵی داهاتوو سعوودیە سەرۆكایەتی خولی لوتكەی سەركردەكانی G20دەكات و میوانداری لوتكەكە دەكات لە 2020دا.