نەتەوەسازی و دەوڵەت سازی..

عەلی عەونی
.
نەتەوەکان بۆ خۆ دزینەوە و پێناسەکردنی خۆیان، کار لەسەر خاڵە جیاوازەکانیان لە، گەل و نەتەوەکانی دیکە دەکەن.

لەسەر ئاستی دەرەوە لە رووی زمان و جل و بەرگ و کلتور و داب و نەریتەوە و لە رووی بیناسازی و..تاد هەوڵ دەدەن مۆرکێکی تایبەت بدەن بە بوونی خۆیان.

هەوڵ دەدەن ڕێ لە کارتێکردنی کەلتووری گەلانی دیکە لەسەر داب و نەریتی خۆیان بگرن.

لە رێگای دام و دەزگاکانی راگەیاندنی خۆیانەوە و هەروەها لە میانەی پرۆسەی پەروەردەوە راهێنان بە تاکەکانی جڤاکی خۆیان دەکەن. هێما مێژوویەکانی خۆیان گەورە دەکەن و بە پیرۆزیان دەکەن.

هەول دەدەن ئەگەر بە ساختەش بێت، مێژووی بۆ ساز دەکەن، وەک ئەوەی ئێستا لەبارەی کوروشی ئەکامینی لە ئێران بەڕێوەدەچیت و یاخود ئەفسانەی ئارەس کەماندار و بە دێۆکرندی پاسای میدی ئاستیاگ. درۆی وەک زوحاک (ئاستیاگ) تا ڕادەیەک گەورەکراو کاری لەسەر کرا کە ئێستا هەموو تاکێکی کوردستان بڕوای کردووە پاشای میدییەکانی ماری لەسەر شان ڕواوە و دڕندە بووە!!.

بێ ئاگا لەوەی کە ئەوە داگیرکەرانی کوردستانن کە هەوڵ دەدەن ئێمە رقمان لە مێژووی خۆمان ببێتەوە و باوەڕ بە درۆکانی ئەوان بکەین. بۆ بەرجەستەکردنی جیاوازییەکان، دەوڵەت کاری لەسەر دەکات و دام و دەزگای تایبەت بەخۆی بۆ تەرخان دەکات.

ئەمە لەسەر ئاستی دەرەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ، بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵ دەدەن جیاوازییەکان و ناکۆکییەکان بگەیەننە کەمترین ئاست. نەتەوەکان و دامودەزگای راگەیاندنیان و لەسەروی هەموویان دەوڵەت هەول دەدات شتە هاوبەشەکان لە رووی مەزهەبی و کلتوری و زمان و دیالێکت و جل و بەرگ و کۆمەڵایەتیەوە، کار لەسەر شتە هاوبەشەکان دەکەن و بەسەکانی کۆمەڵگا لێک نزیکتر بکەنەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە یەکێتی ناو جڤاک زۆر ببێت و کەمترین – کێشە لە کۆمەڵگادا هەبن.
بەداخەوە لە کۆمەڵگای کوردستان دا، زۆر جار دەبینین لە جیاتی ئەوەی خۆمان لە فارس و تورک و عەرەب بە جیاواز وێنا بکەین، زیاتر هەوڵ دراوە سیمبولی مێژوویی و ناوخۆییەکان لە ژێر ناوی کولتوری ئازادی رەخنە بشکێندرێن و یاخود بەلانی کەمەوە بە لۆکاڵی بکرێن.

هەوڵ دەدریت لە ژێر ناوی مێژووناس و ئەکادیمی بووندا خەڵک بوێرێت بێڕێزی بە بەهاری جڤاکی و مێژوویی و رۆشنبیرییەکانی کۆمەڵگای کوردستان بکات.

بۆ نمونە داتاسینی وشەی گەریلا و شەڕڤان لە جیاتی وشەی پێشمەرگە کە وشەیەکی ناو فەرهەنگی کوردەوارییە و کۆماری کوردستان کردی بە وشەیەکی فەرمی. یان وسەی لق و ناوچە و رێکخستن کە وشەی کۆنترن بەراورد لەگەڵ هی حیزبەکانی دیکە، کەجی دەکرا هەمان ئەو ناوانە بۆ مەبەستی خۆیان بەکار ببەن لە جیاتی وشە گەلی باژێڕوان و مەکۆ و مەڵبەند و ..تاد. ئاڵای کوردستان کە هی کۆمەڵەی خۆیبوونەو بە بڕیاری میر جەلادەت بەدرخان دروست کراو، بە ڕەسمی پەسەندی ناکەن و بیر لە داهێنانی سەیرو عەنتیکە دەکەنەوە.

هەمان ئەم بەناو رۆشنبیرە تام سیاسیانە، تیۆری داتاشین بۆ ئەوەی جل و بەرگی کوردی (هی ژن و پیاو) لەبەر نەکرێت لە دام و دەزگا ئیدارییەکاندا، کەچی دەبوایە بە بەراورد لەگەڵ ئاستی دەرەوە پشتگیری بەکارهێنانی جل و بەرگ کرابایە.

لە بابەتی رێبەرانی مێژوویی و شۆڕشگێڕانی کوردستاندا کەمترین کارکراوە بۆ ئەوەی تاکی کوردستانی هەست بە شانازی بکات بەخۆی.

ئێمە دەیانی پارتیزانتر لە گیڤارامان هەبووەو هەیە، کەچی راگەیاندنی ئێمە و لایەنە سیاسیەکان کەمتر ئیشیان لەسەر کردووە. ئەگینا مێژووی گیڤارا پێمان دەڵێت ئەو پاڵەوانتر نییە لە مەحمود ئێزدی و دکتۆر سلێمان چروککایاو..تاد. ڕێبەرانی وەک گاندی و نەهرو نە فیداکارترن لە شێخ مەحمود و قازی محەمەد و بارزانی و نە زاناترن. جیاوازی ئەوەیە ئەوان لە دژی دەوڵەت و نەتەوەیەک خەباتیان کرد بۆنی مرۆڤ بوونیان لێدەهات و ئێمە لە دژی داگیرکەرانێک خەبات دەکەین، کە نەتەوەکانیان بۆ دڕندەیی دەوڵەتەکانیان چەپڵە لێدەدەن.

Back to top button