بەغدا پابەندی سیستەمی خاڵی گومرگی نەبووە
سیستەمی هاوتاکردنی باجی گومرگیی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاستی جموجووڵی بازرگانی نێوان هەردوولا بەرز دەکاتەوە، جارێکی تر لە بازگەکانی حکوومەتی عێراق باج لە کاڵای بازرگانیی هەرێم وەردەگیرێت.
گەیلان سەعید، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “هاوتاکردنی سیستەمی گومرگیی نێوان هەولێر و بەغدا، لە قۆناغی سەرەتادا ئاماژەی باشی دەرخست کە بووە هۆی هاوتاکردنی سیستەمی باج لە نێوان هەردوولا و هەڵگرتنی باج لە بازگەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی جموجووڵی بازرگانی لە نێوان بازرگانانیی هەرێم و عێراق بەبێ گرفت.”
سەعید گوتیشی: “لە دووای پێناسەی گومرگیی هەولێر و بەغدا، ئێستا جارێکی تر کێشە و گرفت لە نێوان بازگەکانی حکوومەتی عێراق سەری هەڵداوەتەوە، باجێکی زۆر لەسەر هەناردەی کاڵا بازرگانییەکانی هەرێم وەردەگیرێت، ئەمەش کێشە و گرفتی بۆ هەردوو لایەن دروست کردووە و بووەتە هۆی کزبوونی جموجووڵی بازرگانیی نێوان هەردوولا، هۆکارەکەیشی بۆ ئەو باجە دەگەڕێتەوە کە بازگەکانی خاڵی پشکنینی حکوومەتی ناوەند وەرێ دەگرێـت.”
ناوبراو دەشڵێت: “لایەنی پەیوەندیداری هەردوولایان ئاگادار کردووەتەوە، کە گرفتێکی وا هەیە و ئەگەر بە بەردەوامی کار بە سیستەمی پێناسەی گومرگی نەکرێـت کێشەکە به هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، ئەوەی ڕوونە بەغدا پابەندی سیستەمی هاوتاکردنی گومرگی نێوان هەردوولا نەبووە، بۆیە گرفت دروست بووە و، لە پەیوەندیداین بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.”