وەزارەتی پێشمەرگە: كەس و كاری شەهیدانی شەڕێ‌ داعش بە 5 ملیۆن دینار هاوكاری دەكرێن

 

دوای ئەوەی پێشمەرگە بە خوێ،ی هەزاران هاوسەنگەری توانیان كوردستان لە داگیركاری توندڕەوترین رێكخراوی تیرۆریستی جیهانی بپارێزێت, لە ئێستادا دوای باشتر بوونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان وەزارەتی پێشمەرگە بڕیار دەدات كە هاوكاری كەس و كاری شەهیدان و بریندارانی شەڕی داع شبكات,  ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت وەزارەتی دارایی رەزامەندی داوە لەسەر خەرجكردنی 5 ملیۆن دینار بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش و 1 ملیۆن دیناریش بۆ چارەسەریی بریندارانی ئەو شەڕە.

لە بارەی بڕی هاوكاریەكەو شێوەی پێدانی هاوكاری فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ” لە كۆبوونەوەیەكدا كە بە ئامادەبوونی وەزیر و بریكاری وەزارەتی دارایی هەرێم و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدرا، باس لە خەرجی و پێداویستییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كرا لەوانەش قەرزی ئەو كۆمپانیایانەی كە كەلوپەلیان بۆ وەزارەت دابین كردووە لەگەڵ ئەو شەهید و بریندارانەی كە لە شەڕی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا تا ئێستا پارەیان بۆ خەرج نەكراوە”.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو” یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی باسكرا قەرەبووكردنەوەی ئەفسەرانەیە كە پلەیان بەرزبووەتەوە بەڵام تا ئێستا پارەی پلە بەرزبوونەوەیان پێنەدراوە و دواكەوتووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە”

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە ئەوەش كرد” وەزیری دارایی بەڵێنی داوە كاری هەرە لە پێشینەیان دابینكردنی ئەو 5 ملیۆن دینارە بێ بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان چونكە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری خانەوادەی شەهیدان ئەو بڕە پارەیان وەرنەگرتووە”.

بەپێی گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش (1726) پێشمەرگە شەهید بوونە.

Back to top button