سەفین دزەیی: هەندێك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بە ئەنقەست جۆرێك لێدوان دەدەن بۆ دروستكردنی دڵە ڕاوكێ لای هاوڵاتیان

 

لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد بۆ تاوتێوكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەت لە پرسی نەوت و هەناردنی بودجەو مووچەی هاوڵاتیان و پێشمەرگە, بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری پێكهێنانی لێژنەیەك لە نێوان هەردوولا درا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی تا ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە وتەبێژی حكومەتیش رایدەگەیەنێـ بەداخەوە چەند پەرلەمانتارێك بە ئەنقەست دەیانەوێت دڵەڕاوكێ‌ بۆ هاوڵاتیان دروست بكەن.
سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاندووە: هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، كۆبووەوە و بڕیاردرا لیژنەیەك پێك بێت بۆ بابەتەكانی مووچە و نەوت چونكە بەداخەوە هەندێك پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا لێدوانی وا دەدەن كە دەبێتە هۆی دڵەڕاوكێی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.
سەفین دزەیی لەبارەی راست و دروستی بابەتی ناردنی مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەردەوام، گوتی: ئەوەی لە زاری عادل عەبدولمەهدی و وەزیری دارایی بیستوومانە، ئەوەی ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت بەشێكی مووچەیە نەوەك بوودجە، چونكە ئێمە مانگانە 880 ملیار دینار دەدەین بە مووچە، ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەنێردرێت بڕی 450 ملیار دینارە، لەبەر ئەوە 430 ملیارەكەی دیكە هەرێمی كوردستان لە فرۆشی نەوت دەبێت دابینی بكات و بە ئێمەیان راگەیاندووە كە ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت.
سەفین دزەیی گوتیشی: سەبارەت بەو 250 هەزار بەرمیلەی كە دەبێت رادەستی بەغدا بكرێت، لەڕووی مەبدەئییەوە كێشەمان لەگەڵ بەغدا نییە، بەڵام دەبێت میكانیزمێك هەبێت بۆ تەواوكردنی ئەو 430 ملیار دینارە كە كێ تەواوی دەكات، چونكە ئەگەر ئەو نەوتە بدەین بە بەغدا مانای وایە ناتوانین نەوت بفرۆشین و ئەو 430 ملیار دینارمان دێتە دەست و تەكمیلەی مووچەی پێ دەكەین، بۆیە لیژنەیەك لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دۆزینەوەی ئەو میكانیزمە پێكهاتووە.

Back to top button