یەکگرتووی ئیسلامی دژی هێزی چهكداری پهكهكهیه و بە توندی وەڵامی پەکەکە دەداتەوە و بە تێکدانی دۆخی کوردستان تۆمەتباری دەکات!
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بارەی دروستكردنی هێزی چەكدار لەلایەن پەکەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەو هێزە بۆ زیانگەیاندنە بە باشووری کوردستان.
شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی ڕایگەیاند، ئێمە دەمانەوێت هێزەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەت كۆبكەینەوە كە پێكدێن لە هێزەكانی 70 و 80، ئێستا دروستكردنی هێز پێچەوانەی ئەو هەوڵانەی ئێمەیە.
مەهدی مەحموود، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگهیاند، دروستكردنی هێزی چەكدار لە لایەن پەكەكەوە هیچ لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نییە و دۆخێكی خراپ دروست دەكات، چونكە هێزیان بۆخۆیان دروستكردووە و بۆ ئەوەی لەگەڵ توركیا شەڕ بكەن و سەرئەنجام زیانی بۆ هەرێم دەبێت.
مەحموود زیاتر روونی دەکاتەوە، پەکەکە دەكرێ چاوپۆشی لە هەرێم بكات بۆ چالاکی چەکدارانە كە لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندی خۆیانە لە توركیا، دەكرێت بە شێوازیەکی ستراتیژی بیر لەوە بكرێتەوە نەك لایەنی سۆز، هەرچی لە بەرژەوەندی كوردانی باكورە ئەوە بكرێت نەك بە دروستكردنی چەكدار.
ئەو گروپەی گرفت بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات، بۆیە لە هیچ حاڵەتێكدا لە بەرژەوەندی ئەو دۆخەی ئێستا نییە، دەبێت پەكەكە ئەوە بزانێت ئێرە باشووری کوردستانە و ئەوان دەبێ چالاکییەکانیان روو لە باكوری کوردستان بێت، ئەوان بەو کارانە زیان بە كورد و كوردستان دەگەیەنن، مەهدی مەحموود وای گوت.
پەکەکە پێکهێنانی هێزێکی چەکداری لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئەوەیش کاردانەوەی لە لایەن هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لی کەوتەوە و وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەجێ لە راگەیەندراوێکدا دژایەتی لەگەڵ دروستبوونی ئەو گروپە میلیشیاییە راگەیاند.