پارتى و یه‌كـێتى: پارێزگاری كەركووك پارێزگاری هه‌ردوولامان و ھەموو پێكھاتەكان دەبێت

ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی لە سلێمانی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە کۆ بوونەوە و گوتەبێژی یەکێتیش لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دەڵێ، دەبێ هەموومان پەلە بکەین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
ئەمرۆ دووشەم یەكی تەمووز، دلشاد شەهاب ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بیروڕاكانمان زۆر لێك نزیكە بەهیواین بەم نزیكانە بگەینە ڕێكەوتن.
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی دەڵێ، گفتوگۆ لەبارەی ئەو كەسایەتییانە کرا کە بڕیارە وەک بەربژێر بۆ پارێزگاری کەرکووک دابندرێن و نابێت پارێزگاری هیچ حزب و لایەنێك بێت.
ڕوونی كردەوە، هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت كارەكان بۆ دانانی پارێزگای كەركووك دەبێت و وەكو یەك تیم لەگەڵ یەکێتی کارمان بۆی کردووە.

هه‌ر له‌و كۆنگره‌ له‌رۆژنامه‌وانیه‌دا  لەتیف شێخ عومەر وته‌بێژى یەکێتی نیشتیمانى كوردستان   رایگه‌یاند هەموومان دەبێت پەلەبکەین لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵسۆزی خۆمان وەك شەریکێکی هاوبەش دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی داهاتوودا و تەئکیدمان کردەوە کە دەبێت لە ماوەیەکی کورتدا کابینەی تازە پێکبهێندرێت .

Back to top button