دوای ١٥ ساڵ زیاد ئەسعەد قسەدەكات
دوای ئەو دەنگویانەی لەسەری بڵاوكرانەوە، بەپێی زانیاریەكانی خواكوڕك، زیاد ئەسعەد دوای ١٥ ساڵ، بێ دەنگی دەشكێنێت.
نزیكەی هەفتەیەكە بارودۆخی دەروونیو تەندروستی زیاد ئەسعەد گۆرانیبێژو ئاوازدانەر بووەتە باسی گەرمی میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوای ئەوەی ھونەرمەندی میللی سەردار كەركوكی وتی:” كاك زیاد ئەسعەد كە كاك سامی ئەسعەد ناوە ئەسڵییەكەیەتی، لە وڵاتی سویدە، لە شێتخانەیە لە نەخۆشخانەی لیلا هاگنە لە یۆتۆبۆری لە ئوستراخویگز”. وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە كە لەبارەی تێكچوونی باری دەرونییەوە بڵاودەكرێنەوە.
ئەم دەنگویە وایكردی زیادی ون، ناچار بەدەرخستن بكات و بەپێی زانیاریەكان، دوای چەند كاژمێرێكی تر لە رێگای گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە، زیاد ئەسعەت بێ دەنگی دەشكێنێت و ھەوادارانی لەم دوو دڵیە رزگار دەكات.
ئەمە یەكەمجار نییە زیاد ئەسعەد دەبێت بە باسی گەرمی ناو میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
مانگی شوباتی 2018 دەنگۆی مردنی زیاد ئەسعەد لە سوید بڵاوكرایەوە، دواتر راستی هەواڵەكە رەتكرایەوە.
مانگی تشرینی یەكەمی 2018 وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، باس لەوەكرا ئەوە وێنەی زیاد ئەسعەدە، دواتر رەتكرایەوەو دەركەوت پیاوێكی كوردە كە هاوشێوەی زیاد ئەسعەدە.
زیاد ئەسعەد ساڵی 1966 لە گەڕەكی (تەیراوە)ی شاری هەولێر لەدایكبووە، ئامادەیی پیشەیی لە هەولێر تەواوكردووە.
ئەو لەیەككاتدا گۆڕانبێژو مۆسیقارو ئاوازدانەرو هۆنراوەنوسە، یەكەمین گۆڕانی خۆی لە ساڵی 1983 بەناوی “دوعادەكەم” تۆماركردووە، یەكەمین كاسێتی لە ساڵی 1988دا بڵاوكردوەتەوە، تائێستا خاوەنی پێنج ئەلبومی گۆڕانییە.
زیاد تا ئەم تەمەنە ژمارەیەكی زۆر وڵات گەڕاوە، لەوانە ئێرانو روسیاو كەنەداو وڵاتانی ئەوروپا، بەپێی زانیارییەكان، زمانەكانی روسیو ئینگلیزیو سویدیو فارسی دەزانێت.
دواین بەرهەمی زیاد گۆرانییەك بوو بە ناوی “سكاڵا” كە لە ساڵی 2003 بڵاوبووەوە، ئەو سەرباری ئەوەی ئاوازی بۆ زۆرینەی گۆڕانییەكانی خۆی داناوە، تائێستا زۆرترین ئاوازیشی بە هونەرمەندەكانی تر داوە.