لە کۆتاییدا چەند لوغمێکی دیکەی سیاسی پوچەڵکرانەوە

 
تەنیا کوردی
 
ئەکشن ١
-سیناریۆی هاتنەژوورەوەی حەشدی شەعبی بۆ هەرێمی کوردستان بەناوی سوپای عێراق، دوای ئەوەی کە پەکەکە چەند ئاژاوەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و شارەکان دروست دەکات، دواتر بیانوو دەداتە سوپای تورکیا بۆ هێرشکردنە سەریان و دوای ئەوەش رێککەوتنێک بکرێ کە تورکیا شوێنەکان رادەستی سوپای عێراق بکات و بەناوی سوپای عێراقەوە حەشدی شەعبی پێگەکانی خۆی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران، هەرێم و تورکیا، ئامانجیش لەو کارە گوشارێک بوو بۆ ئەوەی کورد رێرەوی هەرێم بۆ سووریا رادەستی حەشدی شەعبی بکات، کە ئەم کارەیش بۆ ئێران دەبوو رێگەیەکی زەمینی بۆ ئالوگۆڕی بازرگانی و هەروەها کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەی ئابووری نێوان تورکیا و عێراق و ئێران بەبێ بوونی کورد لە نەوت و کاڵا، لەگەڵ خۆشکردنی بازاڕی قاچاخ لە نێوان عێراق و سووریا و ئێران لە ناوچەکەدا.
-ئەکشن ٢
دانانی پارێزگارێکی ئینتما حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک کە رێگە بۆ تێکدانی کەرکووک بکات و بیر لە دروستکردنی کەرکووکی نوێ بکرێتەوە کە سنوورەکەی لە کەرکووکی ئێستا بگوازرێتەوە و ئەو ناوچەی ئێستاش کە کوردنیشینە بەتەواوەتی بکرێتە سەربازگە بۆ ئەوەی بتوانرێ بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی تەواوی سامانی ژێر زەوی کەرکووک بکرێ، ئەم نەخشەیە لە پێشدا و لەسەردەمی رژێمی سەددام بیری لێکرابوویەوە بەڵام جێبەجێ نەکرا.
ئەکشن ٣
راکێشانی پارتی بۆ دوو شەڕی سەربازی، یەکێک شەڕی نێوخۆیی لەگەڵ باڵێکی یەکێتی و شەرێکی سنووری لەگەڵ پەکەکە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بۆشایی لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێ و بیانووی تەواو هەبێ بۆ هەردوو پیلانەکە کە ئەکشن ١ و ئەکشن ٢ لەسەرەوە باسم کردوون.
ئەم سێ پیلانە دەستی هەرێمی تێدابوو بۆ ئەوەی بتوانرێ کورد بە تەواوی لە ناوچەکەدا پێگەی لاواز بکرێ، بەڵام بە دیپلۆماسیەتێکی ورد و ستراتیژیانە توانرا ئەم سێ پیلانە بەدیلی بۆ دروستبکرێ و کۆمەڵگەی دەولی لێی ئاگادار بکرێتەوە، ئێستا ئەم مەترسیانە کەمبوونەتەوە، بەڵام پێویستە تەرکیزی سیاسی و راگرتنی هاوسەنگی ئیقلیمی زیاتر لەلایەن کورد بایەخی پێبدرێ، بۆ ئەوەی ئەم پیلانانە نەچنە سەر نەخشەی جێبەجێ کردنەوە.
Back to top button