سەرۆك بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە
ڕۆژی چوارشەممە ٣ـی ٧ـی ٢٠١٩ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی مەسیحی و تورکمان لە پارلەمانی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد کە هەمیشە بەرگریی لە مافی پێکهاتەکان کردووە و ئاماژەیان بە پێداگریی سەرۆک بارزانی کرد لەسەر نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان لە کاتی کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بەر لەڕووخانی ڕژێمی بەعس و دواتریش ڕۆڵی دیاری سەرۆک بارزانی لە چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێکهاتەی ئێستای سەرۆکایەتیی پارلەمانی کوردستان و مسوگەرکردنی نوێنەرایەتییان لە کابینەی داهاتووی حکوومـەتی هەرێمیان بەرز نرخاند.
هەروەها سوپاسی سەرۆکایەتیی پارلەمان و فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد کە لە دانانی لیژنە هەمیشەییەکانی پارلەمانی کوردستاندا پشتیوانی پێکهاتەکان بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەرانی پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان لە پارلەمانی کوردستان، وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان وڵاتی هەموومانە و پێویستە هەمووانیش لە بەڕێوەبردنیدا هاوبەش بین و هەمووشمان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین. سەرۆک بارزانی جارێکی دیکەش جەختی کردەوە کە نابێ بە هیچ پێکهاتەیەک بگووترێت “کەمینە” و هیچ نەتەوەیەک بە ژمارە ناپێورێت و هەریەکەیان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و دەبێ ڕێز لەو تایبەتمەندییانە بگیرێت.
سەرۆک بارزانی ڕۆڵی نوێنەرانی مەسیحی و تورکمانی لە پارلەمانی کوردستان بەرز نرخاند و داوای کرد بەشێوەیەک بەرگریی لە مافی پێکهاتەکان بکەن کە بەرانبەر دەنگدەرانی خۆیان سەربەرز بن.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە لە دەستووری کوردستاندا مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بەتەواوی دەچەسپێت و ڕێگە بەهیچ جیاکارییەکی نەتەوەیی و ئایینی نادرێت و هەمووان لە کوردستاندا یەکسان و هاوبەش دەبن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.