نوێنەری کریستیانەکان: سەرۆک بارزانی بەڵێنی پێداین لە دەستووری ھەرێم مافی ھەموو پێکهاتەکان گەرەنتی دەکرێت

نوێنەری کریستیانەکان ئاشکرای کرد، چەندین داواکارییان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کردووە. دەشڵێ، سەرۆک بارزانی دڵنیای کردینەوە لە پاراستنی مافی پێکھاتەکان.

رۆبینا تیاری، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک بارزانی و نوێنەری پێکھاتەکاندا بەوردی باس لە کێشە و داواکاریی ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە و سەرۆک بەڵێنی پێداین لە کاتی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستاندا مافی ھەموو پێکهاتەکان لەنێو دەستووردا گەرەنتی دەکرێت و دەستوورێک دەرناکەین بەدڵی پێکھاتەکان نەبێت. ھەروەھا سەرۆک بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ مافەکانی پێکھاتەکان دەربڕی، کە چوون لە ڕابردوودا بەرگریی لە مافەکانیان کردووە، لە داھاتووشدا زیاتر بەرگرییان لێ دەکات.”

ئەو نوێنەرەی کریستیانەکان دەڵێت: “ئێمە وەک کریستیانەکان لە کلد و ئاشوور و ئەرمەن سوپاسی ھەڵوێستی سەرۆک بارزانیمان کرد، کە بەو شێوەیە بەرگری لە پێکھاتەکان دەکات و ھیچ جیاوازییەکی نەکردووە لە نێوان ھیچ نەتەوە و ئایین و تائیفەیەک و ھەموویان وەک یەک تەماشا دەکات،. ئێمە دڵنیاین لەو پشتگیرییەی سەرۆک بارزانی و کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زیاتر دڵنیای کردینەوە.”

ڕۆبینا تیاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ئێمە چەندین داواکاریی گەلی خۆمان گەیاندە سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، لەوانەش چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری ھاووڵاتیانی کریستیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانەی کریستیان تێیاندا نیشتەجێیە، ھەروەھا دامەزراندنی ھاووڵاتیانی کریستیان. ئێمە دڵنیاین ئەو داواکارییانە کاریان لەسەر دەکرێت و لە داھاتوودا جێبەجێ دەکرێن.”

Back to top button