مەسرور بارزانی و نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا کۆ بوونەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە 4ی 7ی 2019 مەسرور بارزانی ڕاسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فرانسوا سینیمو نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، کە کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە ھەولێر ئامادەبوو، دوا پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و كوردستان تاوتوێ کران.

مەسرور بارزانی پشتیوانی و یارمەتییەکانی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەئاراستەی چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵواسراوەکان.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پەرەسەندنی رەوشی سوریا ئالووێر کرا و جەخت کرایەوە، کە پێویستە لە هەر چارەسەرێکدا گەرەنتی مافی هەموو پێکهاتەکان بکرێت و تەواوی هێزە نیشتمانییەکان لە داڕشتنەوەی ئایندەی وڵاتەکە بەشدار بن.

لە بەرانبەردا نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سووریا وێڕای بە ئاوات خواستنی سەرکەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی لە درێژەدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە و رای گەیاند، وڵاتەکەی لە پشتیوانی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکەوتنی زیاتر بەردەوام دەبێت.

Back to top button