قايمقامی شنگال هۆشداری لە بوونی شانە نووستوەكانی داعش ده‌دات

قایمقامی قەزای شنگال ھۆشداری لە بوونی شانە نووستوەکانی رێکخراوی داعش و ھێرشکردنە سەر جوتیارانی ئێزدی دەدات و پێیوایە، بەردەوامبوونی ئەو کارە تیرۆریستیانە دەبێتە ھۆی کۆچی پێچەوانەی ئێزدیەکان.

مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شنگال لەبەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست خواكوڕك کەوتووە،رایدەگەیێنێت شانە نووستوەکانی داعش لەناوچەی (جەری) سەربە قەزای شنگال بوونیان ھەیە، ئەو شانانە ناوبەناو ھێرش دەکەنەسەر جوتیارانی ئێزدی لە ناوچەی کوھبەل متاخەی سەربە (جەری) و ئەوەش بە بەرچاوی ھێزەکانی سوپاوە ئەنجامدەدرێن، کە لەو ناوچەیەدان.

باسی لەوەشکرد، کۆتا ھێرش شەوی رابردوو بووە، کە بە چوار ئۆتۆمبێل چوونەتە ناوچەکە و ھێرشیان کردوەتە سەر جوتیاران، بەڵام لەلایەن ئەو جوتیارانەوە بەرپەرچ دراونەتەوە و سوپای عیراقیش لەو ناوچەیەدا بوون و ھیچ جوڵەیەکیان نەکردووە.

مەحما خەلیل داواش دەکات ھێزەکانی سوپای ئەو ناوچەیە بگۆڕدرێن، کە سەر بە فیرقەی ١٥ن. ھۆشداریش دەدات لەوەی ئەو کارە تیرۆریستیانە دەبنە ھۆی کۆچی پێچەوانەی ئێزدیەکان و شکستپێھێنانی پلانی حکومەت بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.

قائمقامی قەزای شنگال داواش لە عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیران و مەنسوڕ مەرعید پارێزگاری نەینەوا و ھێزە ئەمنیەکانی ناوچەکە دەکات ئەو بابەتە بەھەند وەربگرن تا کارەساتێکی دیکە لەم ناوچەیە روونەدات.

Back to top button