ئه‌مڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناوی کاندیدانی بۆ پۆستە وەزارییەکان یەکلا ده‌كاته‌وه‌

بڕیاره‌ ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆ ببێتەوە و بڕیار لەسەر میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکانی بزووتنەوەکە بۆ پۆستە حکوومییەکان بدات.
له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى بزووتنه‌وه‌كه‌ هاتووه‌ كه‌ بڕیاره‌ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆ ببێتەوە و تیایدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەو ڕاسپاردانەی كە ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو، جڤاتی گشتی بۆ یەكلاییكردنەوەی میكانیزمی دیاریكردنى كاندیدەكان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی كردبوو و بڕیاری لە بارەوە دەدرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان لە ماوەی ڕابردوودا لیژنەیەکی 11 کەسی پێکهێنا بۆ دیاریکردن و جیاکردنەوەی لیستی کاندیدەکان و ئێسته‌ جڤاتی نیشتیمانی تاوتوێی ئەو پرسە دەکاتەوە.

هاوكات به‌رپرسێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌: “له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دواین ڕاپۆرتی لیژنه‌ی دیاریكردنی كاندیده‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت”‌.

بزوتنەوەی گۆران بە پۆستەکانی هەریەک لە وەزارەتەکانی (دارایی، ئاوەدانکردنەوە،  بازرگانی و پیشەسازی، کۆمەڵایەتی، جێگری سەرۆکی هەرێم، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری چاکسازی، سەرۆکی سندوقی داهاتەکانی نەوت)، لەگەڵ چەندان پۆستی بریکاری وەزیر و ڕاوێژکار و بەرێوەبەری گشتیی بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتدا دەکات.
Back to top button