شوان كه‌ریم زراری: هه‌ر لایەنێك ناوی کاندیدەکانی نەنێرێ بێ ئەو حکوومەت پێك دەهێنرێت

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەگەر لایەنێك ناوی کاندیدەکانی پێشکەش نەکات، ئەوا بەبێ ئەو لایەنە حکوومەت پێک دەهێندرێت.

شوان كه‌ریم زراری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە (خواكوڕك)ـی ڕاگەیاند: ماوەی پێکھێنانی حکوومەت تا 11ی7ی 2019یە، بۆیە ناوی کاندیدانی وەزارەتەکان لە ھەر کاتێکدا بگاتە پەرلەمان، ئەوا پێش 48 کاتژمێر، کۆبوونەوەی پەرلەمان ڕادەگەیەنرێت.

زراری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ھەر لایەنێکی سیاسی ناوی کاندیدەکانی نەنێرێت، ئەوا ”بەبێ ئەو لایەنە، حکوومەت پێکدەهێندرێت، لەبەر ئەوەی ماوەی یاسایی نامێنێت”.

جەختیشی کردەوە کە لایەنە سیاسییەکان ”بە زار“ دەڵێن ئامادەن، بەڵام هێشتا ناوی کاندیدەکانیان ناردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئه‌مڕۆ هەینی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی خۆی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدانی حزبەکە ئەنجام بدات و بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش باس لەوە دەکەن کە تا ٦ ڕۆژی دیکە، سەرکردایەتیی حزبەکە هەوڵدەدات کاندیدەکان یەکلایی بکاتەوە، ئەگەر لەسەر پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکووك لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێك بکەوێت.

 

Back to top button