جەبار یاوەر: دامەزراندنی ھێز لەلایەن پەكەكەوە دژی یاساکانی هەرێمی کوردستانە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەندووە “بەھۆی جەنگی پەكەكە و توركیا 450 گوندی ھەرێمی كوردستان چۆڵكراون و دامەزراندی ھێزێك لەلایەن پەكەكە ھەڵەیە و نایاساییە، پەكەكە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی دراوسێیە و پاراستنی و هێمنانەتی ھەرێمی كوردستان تەنھا ئەركی پێشمەرگە و ھێزەکانی تری سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە”.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەگووتی : “بۆردوومان كردنی سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە هۆکاری جێگیر بوونی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەكانە، ئەو بابەتە بابەتێكی گرینگەو و دەبێت حكوومەتی عێراق لەسەر بەزاندنی سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکەوێتە دانوستانەوە ، چونكە بەپێی دەستوور ھەرێمی كوردستان ناتوانێت لەسەرکێشە ی سنوور گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتان بكات”.
جەبار یاوەر، هەروەها دەڵێت : “بەرژەوەندییە ئابوریەکانی هەرێمی کوردستان بە ھەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانەوە گرێ دراوە ، بۆیە گرژیو ئاڵۆزی لەسەر سنوورەكان كێشە بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دروست دەكات”.
سەبارەت بە پەیوەندی وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە یاوەر، گوتی: “ھیچ جۆرە پەیوەندی و ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پەكەكە دا بوونی نییە، پێشمەرگە ھێزێكی فەرمی و یاسایی ھەرێمی كوردستانە و یاساكان رێگە نادەن كە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتێكی تردا هەبێت ، ئێمە دەمانەوێت كێشەی ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان چارەسەر بكەین و ھەموو ھێزەكان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێكبخەینەوە ، بەدڵنیاییەوە لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە دێتە ئاراوە “.