باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی پۆستە باڵاكانی یەكێتیان قۆرخ كرد ململانێی توند بۆ پۆستی فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ سەریهەڵداوە
تەنها پۆستێكی هەستیار لەمكاتەدا زۆرترین گرەوی هەردوو كوتلەكەی یەكێتی لەسەر دەكرێت، فەرماندەی نوێی هێزەكانی 70ی یەكێتییە، بەوەش چاوەڕوان دەكرێت باڵی تیژی هەردوو ئاڕاستەكە بەریەكبخات، بەتایبەتی تەنها دەروازەیە بۆ باڵی ماڵی مام جەلال، دوای ئەوەی زۆربەی پۆستەكانی كابینەی نوێیان لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، باڵی ناوەندی بڕیاری”جێگرانی سكرتێر” دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بێت ئەو پۆستەش بۆ خۆیان بمێنێتەوە و كەسێكی سەر بە باڵەكەی خۆیان دابنێنەوە، لەكاتێكدا ئەو پۆستە لەمكاتەدا بۆ باڵی ماڵی مام جەلال لە هەموو شتێكی دیكە گرنگترە.
دوای دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی ناڕەزایەتی لە نێو قەواعیدی ئەو حزبەدا لەسەر پۆستەكان دروستبووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆربەی پۆستەكان بەر باڵی جێگرانی سكرتێری گشتی كەوتوون و تەنها دوو پۆست بۆ باڵەكەی دیكەی یەكێتی ماونەتەوە، بەڵام تەنها پۆستێك كە ڕەنگە بتوانێت تاڕادەیەك باڵانسەكە بەرەو كوتلەی ماڵی مام جەلال ڕێكبخاتەوە، وەرگرتنی فەرماندەی هێزەكانی 70ی ئەو حزبەیە، كە ئێستا جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی دەكات.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەدەن ئەگەر ئەو پۆستە بۆ بەرپرسێكی نزیك لەماڵی مام جەلال نەبێت، هەیمەنەیان بە تەواوەتی دەكەوێتە مەترسییەوە، چونكە زۆربەی پۆستە ئیداری و سەربازی و ئەمنییەكان لە كۆنتڕۆڵی ئەوان دەردەچێت.