بەرازیل بوە پاڵەوانی كوپا ئەمریكا
لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا هەڵبژاردەی بەرازیل لە نێو یاریگای ماراكانا و بە ئامادەبونی هاندەرێكی زۆر روبەڕوی هەڵبژاردەی پیرۆ بۆوە.
لەنیوەی یەكەمی یارییەكەدا لەخولەكی (15) هەڵبژاردەی بەرازیل لە رێگەی ئیڤەرتۆن سۆساوە گۆڵی پێشكەوتنی بۆ هەڵبژاردەكەی تۆماركرد، لە خولەكی (44) پاولۆ گێرێرۆ گۆڵی بەرامبەری بۆ پیرۆ تۆمار كردەوە، بەڵام هێندەی نەبرد كە یاریزانانی سامبا لە دوا خولەكی نیوەی یەكەم لە رێگەی گابرێل خیسۆس گۆڵی دوەمیان تۆماركرد و نیوەی یەكەمی یارییەكە لە بەرژەوەندی یاریزانانی بەرازیل كۆتایهات.
لە نیوەی دوەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەڵبژاردەی پیرۆ بە ئاستێكی باش دەركەوتن و بە تەواوی فشاریان خستبوە سەر گۆڵی بەرازیل، بەڵام سەركەوتو نەبون لە تۆماركردنی گۆڵ، هەرچەندە خسۆس بە كارتی سور كرایە دەرەوە، یاریزانانی پیرۆ لە فشارەكانیان بەردەوام بون تا لە خولەكی (90) لە هێرشێكی هەڵگەراوەدا لێدانێكی سزا بۆ بەرازیل گیراو ریچارلسۆن گۆڵی سێیەم و دڵنیای بۆ بەرازیلییەكان تۆماركرد.
سەرئەنجام هەڵبژاردەی بەرازیل یارییەكەی لەبەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێهێنا و بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك سەركەوتنی بەدەستهێناو بۆ جاری نۆیەم لە مێژوی خۆیدا نازناوەكەی بەدەستهێنا.