گوته‌بێژی پارتی: تا چوارشه‌ممه‌ كابینه‌ی نوێ پێكدێت

مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكی میدیاییدا رایگه‌یاند: “كاروباره‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و پێده‌چێت ئه‌مڕۆ سیڤی كاندیده‌‌كانی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی كابینه‌ی نوێ راده‌ستی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت”.

كەمێك پێش ئێستا مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا رای گەیاند، هەوڵ دراوە سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا بەشداری بكەن و كاندیدی سەرجەم حزبە بەشدارەكان رادەستی مەسروور بارزانی كراوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، سیڤی سەرجەم كاندیدەكان رەوانەی پەرلەمان كراوە و تا رۆژی چوارشەممه‌ پەرلەمان متمانە بە كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەدات.

گوتەبێژی پارتی لەبارەی پرسی كەركووك دووپاتی لەوە كردەوە، ئەو پرسە بە كابینەی نوێی حكوومەت و بە پاڵپشتی پارتی و یەكێتی و لایەنەكان یەكلا دەكرێتەوە.

لەبارەی ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستە حكوومییەكان دووپاتی كردەوە، كاتێك لە پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكانمان درا، ئەوكات ناوەكان ئاشكرا دەبن و لەبارەی ئەو ناوانەی لە میدیاكان بڵاو بوونەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوە دا، تەنیا ئەو لیستەی لەكاتی متمانەدان لە پەرلەمان ئاشكرا دەبێت، لیستی فەرمی پارتییە.

بڕیارە وایه‌ رۆژی چوارشەممه‌ پەرلەمان دەنگ بە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی بدات و ئەو كابینە نوێیە دەست بە كارەكانی بكات.

 

Back to top button