کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دیاری کرا
پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەكات ڕۆژی چوارشەممه ئامادەی دانیشتنێكی تری پەرلەمان بن.
ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ٧ی ٢٠١٩، د. ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی ئەندامانی پەرلەمانی بۆ دانیشتنی ژمارە ١٣ی ئاسایی، ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد کە کاتژمێر ١١ی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ٧ی ٢٠١٩ ئامادە بن.
ئەو بانگێشتنامەیەی سەرۆكی پەرلەمان لە كاتێكە مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا رای گەیاند، هەوڵ دراوە سەرجەم لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا بەشداری بكەن و كاندیدی سەرجەم حزبە بەشدارەكان رادەستی مەسروور بارزانی كراوە.
زیاتر روونی دەكاتەوە، سیڤی سەرجەم كاندیدەكان رەوانەی پەرلەمان كراوە و تا رۆژی چوارشەم پەرلەمان متمانە بە كابینەی نۆیەمی حكوومەت دەدات.
لەبارەی ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستە حكوومییەكان دووپاتی كردەوە، كاتێك لە پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكانمان درا، ئەوكات ناوەكان ئاشكرا دەبن و لەبارەی ئەو ناوانەی لە میدیاكان بڵاو بوونەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوە دا، تەنیا ئەو لیستەی لەكاتی متمانەدان لە پەرلەمان ئاشكرا دەبێت، لیستی فەرمی پارتییە.