نوری حەمە عەلی: پێشمەرگە دەگەڕێتەوە هەموو ئەو شوێنانەی پێشوتر لە كەركووك
دوای ئەوەی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركووك رێككەوتن لە نێوان هەوللێرو بەغدا ئەنجامدار بۆ ئەو مەبەستە پێنج لێژنە پێكهێنران, كە دواهەمین كۆبوونەوە دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە لایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك و بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدرا, دواتر بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك رایگەیاند :”پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی لەو پارێزگای”.
نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و فەرماندەی میحوەری باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: “رۆژی یەك شەممە لەگەڵ شاندێكی سەربازیی عێراق لە كەركووك بە سەرۆكایەتیی لیوا ڕوكن سەعد حەرب، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك، كۆبووینەوە, ئەوان سەردانی بارەگای میحوەریان كردبوو لە پردێ دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش ئەمە بۆ جاری یەكەمە فەرماندەیەكی باڵای سەربازیی عێراق لەو سنوورە لەگەڵ پێشمەرگەدا كۆ دەبێتەوە”.
فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوا و باشووری كەركووك گوتیشی: “باسی زۆر شتمان كرد و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی باڵای دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداین، لێكتێگەیشتن هەیە لە نێوان هەردوولا بۆ چارەكردنی كێشەكان بە یەكجاری، ئەگەر حكوومەتی نوێی هەرێمیش دەستبەكار بێت، ئەوا دەگەینە ئەنجامێك لەگەڵ بەغدا”.
نووری حەمەعەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، واتە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بارەگاكانی پێشووی خۆی لە كەركووك”.