دیار غەریب، بە غەریبی لە ناوبرا!

شەوقی كانەبی
کوژرانی ھەر کوردێک لە ھەر کوێ بێت سەر بە ھەر لایەنێکی کوردی بێت، بە دەستی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، ژانێکی گەورەیە بۆ ھەموو کوردان. بەڵام ئەو ڕووداوو کۆستانە دەبێت وامان لێبکات باشتر بیر بکەینەوەو ساتێک لە ھەست و سۆز دوورکەوینەوەو ھەڵسەنگاندنی لۆژیکی بۆ ڕووداوەکان بکەین.
لە ڕووداوێکی ئاوادا کە بەرپرسێکی باڵای پەکەکە کوژراوە ئاسانترین و خێراترین گوتار ئەوەی پەکەکە بوو کە لەگەڵ ڕاگەیاندنەکەیدا دوژمنان و خەڵکی سیخوڕی تۆمەتبارکردو لەو تۆمەتبارکردنەش ھەمیشە ڕووی دەمیان لە ھەرێمی کوردستانە، خۆیان لە ھەموو جۆرە لە ئەستۆگرتنێکی ھەر بەرپرسیارێتیەک ڕزگار کرد.
بە بڕوای من لە ڕووداوێکی لەم شێوەیەدا پێش ھەموو کەسێک بەرپرسارێتی ھەرە گەورە لە ئەستۆی پەکەکە خۆیەتی، بەو چەشنە ڕووداوانەش گومانەکانمان زیاتر دەبێت و ئەو قسەیەی کەمال بورکای سیاسەتمەداری باکووری کوردستانمان بیردەکەوێتەوە کە دەڵێت؛ تورکیا پەکەکەی پڕکردوە لە پیاوەکانی میت! پرسیارەکە ئەوەیە لە کاتێکدا کە تورکیا خەریکی ئۆپەڕاسیۆنێکی چڕی سەربازیە، بۆچی پەکەکە بەرپرسێکی باڵای خۆی دەنێرێتە لۆفەکانی کورتەک کە ڕێگای سەرەکی ھاتوچۆی ھاوڵاتیانی بناری قەندیلی باشووری کوردستانە؟ ئایا ئەو ھێزە ھێندە ھێزێکی بێخەبەرو نەزانە کە حیساب بۆ سەلامەتی سەرکردەیەکی خۆی نەکات؟ ئەوان پێشووتر کە گوایە لە دوکان تیمێکی میتیان ڕفاندوە، خێرە ئێستا لە کورتەک سەرکردەیەکیان دەکەنە قۆچی قوربانی؟
بۆچی یەک دانە گەریلاو سەرکردەی باشووری ناو پەکەکە بە ساغی دەرناچن، یان دەکوژرێن یان ڕادەکەن و دێنەوە؟
پێویستە ئەو باشووریانەی ناو پەکەکە و ئەوانەش کە لە ھەرێمی کوردستان بە ساویلکەیی خەریکی ھوتاف کێشانن، وردتر ببنەوە کە باشووری کوردستان وەک کیان و خەڵکەکەشی ھیچ ئەرزشێکیان لای پەکەکە نیە، ئەو نفوزە بچکۆڵەیەش کە ھەیانە تەنھا بۆ بەکارھێنانیانە لە خزمەت پڕۆژە ئایدۆلۆژییەکەیان، ھەر کات کاریشی پێیان نەمابێت، لوولیان دەکات و ھەڵیاندەگرێتەوە و کۆتاییان پێدێنێت. پەکەکە، دەمێکە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە ھیچ پڕۆژەیەکی لە باشووری کوردستان سەرناکەوێت، ستراتیژیان لە لۆفەکانی کورتەک تێپەڕناکات، ئەو خەڵکە سادەیەش کە لە باشوور لە ڕوانگەی کوردایەتیەوە بە دوایان کەوتوە بێئاگان لەوەی کە پەکەکە لە ئێستادا تاکە ھێزی کوردییە بە ئاشکراو بە نوێژی نیوەڕۆ دژی پڕۆژەی کوردایەتیەو ئەوەشیان نەشاردۆتەوە.
وەک دەڵێن کە دیار غەریب لەسەر خەتێکی نەتەوەیی ڕۆیشتوە، ھیوادارم ئەوە تەسفیەی نەتەوەییەکان نەبێت لە لایەن عەلەوییە دەسەڵات بەدەستەکانی ناو پەکەکەوە.
Back to top button