پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتە هەرێمی كوردستان سەرەتا بەسەر ئەو جووتیارانە دابەش دەكرێت كه‌ ئه‌وانه‌ی وەجبەی گەنمی یەكەمیان لێ‌ وەرگیراوە

ئەندامێكی كۆمەڵەی جووتیاران ئاشكرای دەكات، لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئاگەدار كراوینەتەوە كە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەیشتووە.

ڕێكان فەرهادی ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەی جووتیاران ڕایگەیاند، لە ڕۆژی یەك شەممه‌ پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2018 – 2019 گه‌یشتووه‌ته‌ هەرێمی كوردستان، ئەو پارەیە بە گوتەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەشێكی هاتووە و سەرەتا بەسەر ئەو جووتیارانە دابەش دەكرێت كە وەجبە گەنمی یەكەمیان لێ‌ وەرگیراوە و ڕادەستی سایلۆكان كراوە.

فەرهادی باسی لەوەش كرد، لە هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە و پێشبینیش دەكرێت پێش كۆتایی ئەو مانگە بەشە پارەی دووەم بێت و پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ بدرێت.

حكوومەتی عێراق پارەی سێ‌ ساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان قەرزارە كە بڕەكەی بە 450 ملیار دینار زیاتر دیاری كراوە، بڕیارە ئەمساڵ ئەو پارەیەش بۆ جووتیاران بنێردرێتەوە كە قەرزی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 بوو لای عێراق مابوو.

 

Back to top button