سبەی كاتژمێر 5ـی ئێوارە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە بانگهێشتى فەرمیى ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکى فەڕەنسا، سەردانى پاریس دەکات.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا گوتی، بڕیارە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سەردانی فەڕەنسا بكات و سبەی لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە، كە كۆمەڵێك تەوەر باس دەكرێن و ئەمەش لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە گرنگییەكی زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بە بانگھێشتی فەرمیی سەرۆكی فەڕەنسا، سەردانی پاریس دەكات و سبەینێ چوارشەممە لە كۆشكی ئێلیزێ لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە و پاشان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و سەرۆكی شارەوانیی پاریس و پەرلەمانیش دیدار و كۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، عەلی دۆڵەمەڕی گوتی، سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی فەڕەنسا، گرنگییەكی یەكجار زۆری بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە لە ھەموو بوارەكاندا، بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئابووریدا و بڕیارە سبەی چوارشەممە كاتژمێر 5:00 ـی ئێوارە، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا كۆببێتەوە و جگە لەوەش لەگەڵ وەزیری دەرەوە و پەرلەمان و سەرۆكی شارەوانییش كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و كۆمەڵێك تەوەر لەو كۆبوونەوانەدا باس دەكرێن، لەوانە باشتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و فەڕەنسا.
دۆڵەمەری گوتیشی، جگە لەوەی لە ڕووی سیاسییەوە گرنگیی زۆری ھەیە، ئەو سەردانە دەبێتە ھۆی ئەوەی كۆمپانیا فەڕەنسییەكان ھان بدرێن بۆ ئەوەی سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرھێنان، بۆیە ئەمە دەستپێكێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی فەڕەنسا لە ڕووی ئابووریشەوە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكات
ناوبراو گوتیشی، بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بكات.
دوێنێ دوو شهممه له راگەیندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى فەرەنسا پەیوەندییەکانى فەرەنسا لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق، دۆخى ناوچەکە و چەند بابەتێکى دیکە تاوتوێ دەکەن.
فەرەنسا یەکەم وڵاتی باڵادەستی جیهان بوو، لە دوای گەمارۆکانی سەر هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.