بەرپرسێکی گۆڕان: پارتی کار بۆ بەدامەزراوەی کردنی حکومەت و چاکسازی دەکات
دوای ئەوەی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەگەڵ هەریەکە یەکێتی و گۆڕان ڕێککەوت بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە پارتی لە کابینەی نوێ نیازی چاکسازی و بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەیە.
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندوە: “لە دوای هەڵبژاردنەوە لەگەڵ شاندی پارتی بۆمان دەركەوت، كە ئەوانیش دەیانەوێت چاكسازی بكەن و كار بۆ بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگا حكوومییەكان بكەن، بۆیە بڕیارمان داوە بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا بكەین.”
ئەو ئەندامەی جڤاتی نشتیمانی گۆڕان دەشلێت:” پێكەوە دەتوانین چارەی دۆخەكە بكەن، بەو پێیەی لە لایەك ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا هەیە، كە كار بۆ بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگا حكوومییەكان بكەن و دەستی حزب لە حكوومەت دوور بخرێتەوە و چاكسازی بكرێت، لە لایەكی دیكەشەوە بواری تێپەڕاندنی دۆخەكە هەیە.
هەروەها گوتیشی: “ئەركی زۆرینەش دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت بە دەست ئەوانە، مەرجیش نییە، لە چوار ساڵی ئایندەدا سەرجەمی كێشە و كەموكووڕییەكان چارە بكرێن و حكوومەتێكی عەیارە 24 بێت، بەڵام دەتوانرێت سێ بەشی چارە بكرێت”.