شەش ساڵە هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا نازانێت داهاتوو خەرجی پارێزگای سلێمانی چەندە
دوای هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە پێنج ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت، هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نازانن داهاتوو خەرجی پارێزگای سلێمانی چەندە بۆیان ئاشکرا ناکرێت. ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاش ڕایدەگەیەنێت چەندین جار داوای ئاشکر کردنی داهاتوو خەرجیمان کردووە، بەڵام ئاشکرا ناکرێت.
کاسترۆ مەعروف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە:” کاری ئەنجومەنی پارێزگا چاودێری کردنی خەرجی و داهاتی پارێزگایە، بەڵام ئەو دەرفەتە بە ئێمە نەدراوە، ئێمە دەمانەوێت ھاوشێوەی قۆناخەکانی دیکەی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەو بودجەیەی ساڵانە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانی دەکات، چاودێری بکەین.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی:” لەچوارچێوەی هەوڵەکانمان بە نوسراو داوامان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە کە داوا لە ھەریەک لە پارێزگاری سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بکەن کۆی داھات و خەرجیان بە نووسراوێک بۆ لیژنەی کارگێڕی و دارایی ئەنجوومەن بنێرن.