بەیار دۆسکی: پارتی ناوی پالێوراوی بالیۆزەکانی ڕادەستی پەرلەمانی عێراق کردووە

 

دوای ئەوەی عێراق بڕیاریدا گۆڕانکاری لەحەفتا بالیۆزی وڵاتەکەی بکات، بەپێی بەرکەوتەی هەلبژاردنەکان کورد شەش بالیۆزی بەردەکەوێت، ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە پشکی کورد لەو پشکەی بەر پارتی دەکەوێت پارتی ناوی بەربژێرەکانی بۆ باڵیۆزخانەکان ڕادەستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە.

بەیار تاهیر دۆسکی ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: ” پاش دیاری کردنی چەند مەرجێک کە دەبێت بالیۆز هەیبێت، بەپێی مەرجەکان پارتی بەربژێرەکانی دەستنیشان کردوون و ڕادەستی پەرلەمانی کردوون و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر ناوەکانیان لە وەزارەتی دەرەوە دەردەچن و دەست بە کارەکانیان دەکەن.”

دۆسکی گوتیشی: ” دیاری کردنی ئەو پالێوراوانە دوای ئەوەهات کە عێراق بڕیاری گۆڕانکاری لە بالیۆزەکانی داو لەو نێوەندەشدا لە کۆی ئەو پشکانەی بەر کورد کەوتوون ٦ باڵیۆزن، ئەوانیش بەپێی ئیستحقاقی کورسی دابەش کراون و بڕیارە ٢ تا ٣یان بەر پارتی بکەون.”

Back to top button