مەسرور بارزانی کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

دوای سوێند خواردنی ئەندامانی پێكھاتەی كابینەنی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە وتارێكدا ھێڵە گشتییەكانی كاركردنی كابیەنی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی خستەڕوو راشیگەیاند “كاری سەرەكیمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییە”

دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان،

بەڕیزان ئەندامانی پەرلەمان،

خۆم بە خۆشحاڵ و بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەگەڵ هاوکارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕیزە، کە دەستکەوتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمانە، متمانەمان پێ بەخشرا وسوێندی یاساییمان خوارد.

ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆراگریی گەلەکەمان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدایک بوو، کە بەڵگەیەکی دیکەی ئیرادەی سیاسیی هێزە کوردستانییەکانمانە، لە پابەندبوون بە پرۆسەی  دیموکراسیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

لێرەدا بە پێوستی دەزانم ستایشی هاوڵاتیانی کوردستان بکەم، کە لە 30/9/2018 لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا بەشداربوون و دەنگیان داو و سوپاسیان دەکەین کە لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی هێزەسیاسییەکان، لەگەڵمان پشوودرێژ بوون.

لەمرۆژەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی بکەم کە بە ڕابەرایەتی جەنابیان گیانی بەرگری و خۆراگری لە هەرێمدا بەرز و بەهێز ماوەتەوە و بەو هۆیەشەوە توانیومانە لە هەموو ئاستەکاندا بەرگەی سەختییەکان بگرین و ئیرادەی گەلەکەمان بەسەر خواستی ناحەزان سەرخەین.

هەر لێرەدا سوپاس و رێزم ئاراستەی کابینەی هەشتەم، بە تایبەت برای بەریزم کاک نێچیرڤان بارزانی دەکەم، کە لە رۆژە سەختەکانی ڕابردوودا لە خزمەتی هاوڵاتیان و نیشتمان بەردەوام بوون و دەسکەوتی بەرچاویان بۆ خزمەت و گوزەرانی هاوڵاتیان هەبووە.

بەڕێزان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان، سوپاسی ئێوەی نوێنەرانی گەل دەکەم، کە متمانەتان بە خۆم و جێگری سەرەکوەزیران و وەزیرە بەرێزەکانی هاوکارم بەخشی. بێگومان بە هەموو توانایەکمان هەوڵ دەدەین لە ئاست ئەم متمانەیە بین.

پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمەڕوو.

بەڕیزان، زۆربەی حیزب و لایەنەکانەکانی بەشداربووی ئەم کابینەیە لە ماوەکانی ڕابردوودا بە دروشم و وتاری جۆراوجۆر، باسیان لە پێویستیی خزمەتێکی باشتری هاووڵاتیان کردووە، هیوادارین ئەم بەڵین و درووشمانە لەم کابینەیەدا بکرێنە کردار و جێبەجێ بکرێن، چونکە ئەم کابینەیە ئەرکی خزمەتی هاووڵاتیان لە پێش هەموو کار و ئەرکەکانی دیکەی دادەنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاونیشتمانیان دەزانێت. بۆیە لای ئێمە هاووڵاتی میحوەری سەرەکی دەبێت و ئامانجی گەورەمان خزمەتکردنیانە بەبێ جیاوازی.

چاوەڕوانیی زۆر لەم کابینەیە دەکرێت، هەوڵدەدەین لە ئاست ئەم چاوەڕوانییە بین، لەهەمانکاتدا هیوادارم جەماوەری خۆشەویستمان واقعبین بن و کۆسپ و کێشە و گرفتە کەڵەکەبووەکان بەرچاو بگرن، چونکە تێپەڕاندنی ئەم کۆسپ و تەگەرانە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت و دەبێت هەموومان پشتیوان و هاوکاری یەکتر بین.

دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆمان راستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین کە ئەوەی لە تواناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ.

بەرێزان، بە پێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاووڵاتیانمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە. خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە. گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبووەتە کولتوور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاووڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین. ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین و دەبێت خواستی هاووڵاتیان بەجێ بگەیەندرێت.

بەڕێزان، ئەندامانی پەرلەمان و جەماوەری خۆشەویستی کوردستان، هەموو ئەم وەزیرە بەڕیزانەی هاوکارم، کە لە لایەن حیزبەکانیانەوە پێشنیار کراون، ئێستا دوای ئەوەی متنانەیان پێ درا و سوێندی یاساییان خوارد، بوون بە وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە مەولا ئەجندا و بەرنامەی حکوومەتی هەرێم جێبەجێ دەکەن و هیچ وەزارەتێک یان وەزیرێک ناتوانێت و رێگەی پێنادرێت لە دەرەوەی بەرنامەی حکوومەت رەفتار بکات. وەزیرە بەڕێزەکان سەر بە هەر لایەنێک بن، پێویستە بزانن وەزارەتەکانیان هی هەموو خەڵکی کوردستانە و نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی و حیزبییەکان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەکی حکوومیدا بکێشێت. ئەم حکوومەتە کارو چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی لەهەر بستێکی کوردستاندا دەبێت و حکوومەتی هەمووانە.

بەڕێزان، حکوومەتێکمان وەرگرتووە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی رەوشی نالەباری داراییی دۆخێکی نەخوازراوە و دەبێت هاووڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن، کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک، کە مووچە و مافی هاووڵاتیانی هەرێم بووە. ئەم رەوشە داراییە لە دەسپێکدا کابینەکەمان رووبەڕووی دۆخێکی سەختی دارایی دەکاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەین بەپێی بەرنامەی کارمان ئەم دۆخە تێپەڕینین.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژەیەک بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەین. بەڕیز عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ بە کردەوە نیازپاکیی خۆی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێشانداوە، کە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو کەشە ئیجابییە وەرگرین و بە پێی دەستوور هەنگاو بۆ چارەسەریی گشت کێشە هەڵواسراوەکان بنێین. لێرەدا دڵنیایی دەدەین کە ئەرکی هەرە لەپێشینەمان کارکردن دەبێت بۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبارتر برەخسێنین، تاکو دانووستانەکان بەرهەمدارتر بکرێن و بەکردەوە ئەنجامەکان ببینین. بۆ دەرخستنی نیازپاکیشمان لە ماوەیەکی نزیکدا دوای جێگیربوونی کابینەی نوێ سەردانی بەغدا دەکەین و هاوکار و هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، کە خوازیاری سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق و هەرێمی کوردستانن. کوردستانێکی بەهێز هەوێنێک دەبێت بۆ عێراقێکی فیدراڵیی بەهێز و پێشکەتوو .

لە کۆتاییدا داوای هاوکاری و پشتگیری لە هاووڵاتیانی کوردستان دەکەم، تاکو بتوانین پێکەوە رووبەڕووی گرفتەکان ببینەوە و بەرنامەی کاری حکوومەت بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان جێبەجێ بکەین.

خوا پشتیوان بێت، بەردەوام دەبین لە هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی باب و باپیرانمان و پابەند و بەرپرسیار دەبین لە خەباتێکی سەردەمیانە، تا گەیشتن بەو قۆناغەی کە ئاواتی شەهیدانمان و هەموو تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکان و هاووڵاتیانی خۆراگری کوردستان بووە.

ئەمەی لێرەدا دەیخەینەڕوو تەنها هێلە گشتییەکانی کارنامەی حکوومەتە و تیایدا ئامانجی گەورەمان هەڵگرتووە و ئیرادەیەکی بەهێزیشمان هەیە بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام دەمانەوێت زۆرترین کار و کەمترین گوتارمان هەبێت.

Back to top button